سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەگەل محەمەد شیاع سودانی گفتۆگۆمان کردووە و لە ڕۆژانی داهاتوودا گرفتەکان چارەسەر دەبن.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كەرنەڤاڵی نەورۆزی ئاكرێ وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم، كە بەڕاستی خۆڕاگر بوون لەو ماوەی ڕابردوودا بە تایبەت بە هۆی نەبوونی مووچە و بودجە و زۆر گرفتی تر، كە هاتنە پێش.
ڕاشیگەیاند، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سودانی لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە.
ئاشكراشی كرد، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق پێی ڕاگەیاندوون لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە 50 ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر دابەشكردنی مووچە و سەرەڕای هاتنی زیاتر لە 600 ملیار دینار بۆ مووچە، هێشتا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەكراوە و بەهۆیەوە لەم ڕەمەزان و نزیكی جەژنەدا دۆخی خەڵك بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت.