ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند ، داوامان لە وەزارەتی دارایی کردووە هەوڵەکانی خێراتر بکات بۆ ناردنی بودجەی ئەمساڵ بۆ پەرلەمان تا دەنگی لەسەر بدرێت.
مستەفا گەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ هەینی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق کراوە کە هەوڵەکانی خێراتر بکات لە رێکخستنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ تا لەوە زیاتر دوانەکەوێت و بە خێرایش بنێردرێتە پەرلەمان، چونکە تا ئەم ساتە هیچ شتێکیان لەسەر بودجە پێ نەگەشتووە و ناکرێت لەوە زیاتر دوابکەوێت.
ئاماژەی بەوەشکرد ، بۆ گەشەپێدانی ئابووری عێراق پێویستە هەنگاوی نوێ بنرێت و بە دواکەوتنی دەنگدان لەسەر بودجە گرفتی گەورەتر بۆ مووچە و هەمواری یاساکە دروست دەبێت،
دەربارەی زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دووپاتیکردەوە، پێوەرەکانی موچە پێویستی بە ٣٤ بڕگە هەیە لە هەڵوەشاندنەوە و بڕیاردان ” بەبی گەڕانەوە بۆ بودجە بڕیار لەسەر زیادکردنی موچەی بەشێک لە موچەخۆران دراوە تا لەوە زیاتر دوانەکەوێت”.
هاوکات، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەیی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشتر ئاماژەی بوەدابوو، بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو گرفتانەی، کە لە بودجەی ٢٠٢٣ـدا دروستبوو لیژنەیەک پیکهێندراوە، ئەو لیژنەیە کارەکانیان بەشێوەی مەیدانی دەکەن بۆ پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی کۆی داھات و خەرجییە،
پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دواین کۆبونەوەیدا بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی موچەی بەشێک لە فەرمانبەران بە ریژەی٥٠٪ بۆ پلەکانی حەوت و هەشت و نۆی وەزارەتەکان، هاوکات پێشتریش و لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردوودا، مووچەی خانەنشینان بەرزکرایەوە و ئەو کەسانەی مووچەکانیان لە ملیۆنێک کەمترە بڕی 100 هەزار دیناریان بۆ زیادکرا.