سەرباری پێشوازییە جەماوەرییەکەی هەرێم بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەڵام مەترسیش هەیە ئەو بڕیارانە ببنە هۆی لەقاڵبدانی قەوارەی هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە.
دوێنی دادگای فیدراڵی بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆن هەڵبژاردنەکانی هەرێمی دا، لە پاڵ گواستنەوەی دەسەڵاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێرەوە بۆ بەغداوە.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوست لە ژمارەی ئەمڕۆیدا هەواڵەکەی بە ناونیشانی “دوای بڕیارەکانی دادگای (فیدراڵی) عێراق، مەترسی لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستان هەیە” بڵاوکردەوە و سەرنجشی خستووەتە سەر ئەو بڕگەیەی پەیوەستە بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی دارایی هەرێم.
ڕۆژنامەکە نووسیوێتی: “سەرباری ئەو پێشوازییە جەماوەرییەی هاووڵاتییانی هەرێم بۆ بڕیارە نوێکە دەریانبڕی، بەڵام مەترسی سیاسیش هەیە لەوەی (ببێتە هۆی) لەناوبردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم، لە نێویشیاندا سەرپەرشتیکردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانی” هەروەک غیاس سورچی، سەرکردە لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە.
غیاس سورچی ڕایگەیاند، دەبوو دادگای فیدراڵی ڕێی بە بانکە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاان بدایە مووچە دابەش بکەن، نەک قۆرخی بکردایە بۆ بانکە فیدراڵییەکان”.
تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەنەبڕیوە.