چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیایر لەسەر ئەو سکاڵایە بدات کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە و یەکێتیش جەخت دەکاتەوە لەوەی سکاڵاکە ناکێشێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایە بدات کە لە سەر یایسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە و تێیدا داوا دەکرێت هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بکرێت، کورسی کۆتاکان کەمبکرێتەوە و بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردنیشدا دابەش بکرێت.
تا ئێستا چەند جارێک دادگای فیدراڵی بە پاساوی جیاواز بڕیاڕی کۆتایی لەسەر دۆسیەیە دواخستووە، ئەگەر ئەمڕۆ یەکلابکرێتەوە، ئەوا بڕیار لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دەدرێت.
تا ئێستا چەند جارێک پارتی و پێکهاتەکان داوای کشاندنەوەی سکاڵاکەیان لە یەکێتی کردووە.
زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و خاوەنی ئەو سکاڵایەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە ڕایگەیاند، تا ئێستا ئێمە بەردەوامین لەسەر سکاڵای خۆمان، چونکە سکاڵاکەم لەسەر بنەمای باوەڕ بوونی سەد لە سەدم بووە بەوەی کە دەبێت ئەو یاسایە چاک بکرێت، یاسایەکی باش دەربچێت و یاسای ژمارە 2 کەم و کوڕی زۆری تێدایە، وە ئەو 5 ماددەیەی هەڵمانبژاردوە و سکاڵامان لەسەر کردووە دەبێت چاک بکرێت”.
وتیشی: “من ئاگادارنیم لەگەڵ پارتی ڕێککەوتن کرابێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە من ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیم، سیاسەتەکانی یەکێتی چی بێت ئەوە جیبەجێ دەکەم”.
تا ئێستا زیاتر لە هەشت جار دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو پرسە کۆبووەتەوە بەڵام لە هەموو دانیشتنەکاندا بڕیار نەدراوە و دانێشتنەکە دواخراوە.