سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق كاتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕاگەیاند.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ میدیاكانی حزبەكەی ڕایگەیاندووە “وەزارەتی دارایی عێراق داوای هەژمارێکی بانکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە تاوەکو 618 ملیار دینارەکە بخاتە سەر ئەو هەژمارە”.
وتیشی، “لەوانەیە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەو بڕە پارەیە بگاتە هەرێمی کوردستان”
دوێنێ یەك شەممە، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕاگەیاند، “بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 618 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەژێر فشاری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران بووە و وەزیری دارایی عێراقیش پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکە ڕاگەیاندووە.
ڕاشیگەیاندووە، “قسەمان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە، بە ئێمەی وت، هیچ کێشەیەک لە ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نییە؛ بۆیە ئەگەر هیچ کێشەیەکمان بۆ دروست نەکەن، لەم چەند رۆژەدا بڕە پارەکە دەگات”.
ماوەی چوار مانگە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و هەریەكە لە هەرێم و بەغداش یەكتر بە بەرپرس دەزانن لە دابین كردنی مووچە و هاوكات، لە داهاتی ناوخۆی ئەو چەند مانگەی ڕابردووش مووچەیەك نەدراوە بە مووچەخۆران.