جارێكی دیكە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەهاتنی پارە لە عێراقەوە دواكەوت و هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی دیاری نەكراوە و حكومەتی هەرێمیش چاوەڕێی هاتنی پارەیە لە بەغداوە.
لە ساڵی 2023دا تەنها 9 مووچە بەبێ پلەبەرزكردنەوە دابەشكرا و تا ئێستا چارەنووسی 3 مووچەی كۆتایی ئەو ساڵە نادیارە، هەرێم و عێراق هەریەكەیان دەیخەنە ئەستۆی ئەوی دیكەیان.
مانگی 1ی 2024 بەرەو كۆتایی دەچێت و تا ئێستا چارەنووسی دابەشكردنی مووچە نادیارە و بڕیارە 618 ملیار لە بەغداوە بدرێت بە هەرێم مانگانە بۆ مووچە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵی پێ دەدرێت یان مووچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو.
مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو لە 13ی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 9ی مووچەخۆران كرا و لە 23ی مانگ كۆتایی هات، ئەمڕۆ، كە 27ی 1ی 2024ە ماوەی 46 ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوە و هێشتا چارەنووسی دابەشكردنی مووچە نادیارە.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ناردنی 618 ملیار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕایگەیاندووە، “دوای وردبینی لیستی فەرمانبەران، پارەی مووچە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت”.