ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان: ئەگەر کەمێک لەداواکاری مامۆستایان جێبەجێبکرێت، پڕۆسەی خوێندن لە سلێمانی دەست پێدەکاتەوە.
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، پرۆسەی خوێندن لە هەولێر و دهۆک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کەرکوک و نەینەوا بەڕێوە چووە و تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم بەشێوەیەکی باش بەڕێوە چووە و کەمترین گرفت هەبووە.
دەربارەی پرۆسەی خوێندن لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕێن، ئەحمەد گەرمیانی ئاماژەی بەوەدا، بە داخەوە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان وانە لە ناوەندە حکومییەکان نەخوێنراوە تەنها پۆلی ١٢ نەبێت، بەڵام لە ناوەندە ئەهلییەکان پرۆسەکە بەردەوامی هەیە و ئەوانیش تاقیکردنەوەیان ئەنجام داوە،
ئەحمەد گەرمیانی ڕاشیگەیاند، داواکارییەکانی مامۆستایان قورس نین و ڕەوان، ئەگەر بێتو بەشێک لەو داواکارییانە جێبەجێبکرێت، پرۆسەی خوێندن لەو سنورانەش دەستپێدەکاتەوە بۆ وەرزی دووەمی خوێندن،
ئاماژەی بەوەشداوە، هەوڵەکان و کۆبوونەوەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان، بەڵام لەبەر قورسی بارودۆخی هەرێم لە ڕووی دارایی و سیاسیشەوە، کەمێک قورسە سەرجەم داواکارییەکان جێبەجێ بکرێت، دەتوانرێت بەشێک لە داواکارییەکان جێبەجێبکرێت بۆ دەستپیکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بۆ وەرزی دووەم لەو ناوچانە.
بڕیاربوو لە 13ی 9 دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکرێتەوە و لە 15 مانگی 9 یەکەم وانە بخوێنرێت، بەڵام مامۆستایان لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کرد، هاوکات بۆ وەرزی دووەمی خوێندن جارێکیتر مامۆستایان دووپاتیان کردەوە، تا جێبەجێکردنی سەرجەم داواکارییەکانیان کە خۆی لە پێدانی سێ مووچەی ساڵی 2023 و پلەبەرزکردنەوە و بەهەمیشەیی کردنی وانەبێژان دەبینێتەوە،ناچنەوە ناوەندەکانی خوێندن و بایکۆت بەردەوام دەبێت.