نرخی کاڵا و شتومەک لە ژمارەیەک مارکێت هەرزان کرا



بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ڕایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك بازرگان به‌هۆی قەیرانی دارایی و نه‌بوونی مووچه‌ نرخی کاڵا و پێداویستییه‌ خۆراكییه‌كانیان له‌ مارکێت و بازاڕەکان دابەزاند.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، به‌هۆی قەیرانی دارایی و نه‌بوونی مووچه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتییان ناتوانن وەکو پێویست كاڵا و شتومەک بكڕن، بۆیه‌ ژماره‌یه‌ك بازرگان بڕیاریانداوه‌ كه‌ نرخی كاڵا خۆراكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك داببه‌زێن كه‌ هه‌ژاران و ئه‌و كه‌سانه‌ی توانای داراییان لاوازه‌ بتوانن بیكڕن”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ به‌شدارن له‌ فرۆشتنی كاڵا به‌ نرخی داشكێنراو بریتین له‌ كارفور، ماجدی مۆڵ، سیتی ستار، كۆمپانیای به‌هار، ماركێتی نه‌وا، شۆماركێت، ماركێتی سه‌فره‌، كۆمپانیای ئه‌گرۆ فود، كه‌ فرۆشتنی گۆشتی به‌ستووی به‌ هه‌رزان ده‌ستپێكردووه‌.

باسی لەوەکرد، ئەمساڵ زیاتر لە چوار هەزار مۆڵەتی بازرگانیمان داوە بە بازرگانان، جموجۆڵی بازرگانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە خواست لەسەر کاڵا کەمیکردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی وتی، پشتیوانی ته‌واوی ماركێت و ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كاڵاكان به‌ هه‌رزان ده‌فرۆشن، هاوکات داوای له‌ هاووڵاتییان كرد له‌ هه‌ر شوێنێك ده‌زانن نرخی كاڵا و كه‌لوپه‌لی خۆراكی به‌رزبووه‌ته‌وه‌ ئاگاداری تیمه‌كانیان بكه‌ن، چونکە سزای ئەو شوێنانە ده‌ده‌ن و  ڕێگه‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان ناده‌ن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر له‌ ٤٨ هه‌زار سه‌ردانی شوێن و بازاڕه‌كانیان كردووه‌ و زیاتر له‌ سێ هه‌زار سه‌رپێچیان تۆماركردووه‌، زیاتر له‌ ٧٠ شوێن داخراون و ٣٣٨ ملیۆن دینار غه‌رامه‌ی بازرگانان و فرۆشیاران كراوه‌ و ٣٨٠ تۆن خۆراكی ماوه‌ به‌سه‌رچووش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌.

تورکیا ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی لە هەرێم بڵاوکردەوە
پێت تورکیا ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی لە هەرێم بڵاوکردەوە
کۆرۆنا جارێکی دیکە بڵاوبووەتەوە
دوات کۆرۆنا جارێکی دیکە بڵاوبووەتەوە
پەیوەنیدر