شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و پرسی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی لەگەڵ وەزیری پلاندانانی عێراق تاوتوێ کرد.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان لە بەغدا لەگەڵ محەمەد تەمیم جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا کە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان كرا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی سالی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری پلاندانانی هەرێم دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان پاڵپشتی ئەو سەرژمێریەیە کە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی وڵات ئەنجام دەدرێت و دوور بێت لەمەرام و دەست وەردانی سیاسی و بەكارهێنانی وەك فشاری سیاسی بەرامبەر هەرێمی كوردستان.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە وەزیری پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند ئەم سەرژمێرییە دوورخراوەتەوە لەكاریگەری سیاسی و فاكتەرێكی گرنگیش دەبێت بۆ پەرەپێدانی وڵات و گەیاندنی خزمەتگوزاری.
سەردانی وەزیری پلاندانان و شاندی وەزارەتەکەی بۆ بەغدا لە کاتێکدایە کە شاندێکی دیکەی هەرێمی کوردستان کە وەزیری ناوخۆ و داراییان لە نێودایە، سەبارەت بە پرسی دەروازە سنوورییەکان سەردانی بەغدایان کرد و چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك وەزیری حکومەتی فیدراڵی ئەنجام دا.