نەوەكانی داهاتووی دانیشتوانی نیوزلەندا بواری كڕینی جگەرەیان نابێت، بەهۆی كۆمەڵێك یاسای نوێ بۆ نەهێشتنی جگەرەكێشان كە ئەمڕۆ سێ شەممە لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەكەوە دەركران و بە توندترین یاسا دادەنرێن لە جیهاندا.
یاساكان، فرۆشتنی جگەرە بۆ هەر كەسێك قەدەغە دەكەن كە لەدایكبووی یەكی كانوونی دووەمی 2009 و دواترە، بەو واتایەی لەدوای 50 ساڵ، گەر كەسێك بیەوێت پاكەتێك جگەرە بكڕێت، دەبێت ناسنامەكەی بخاتەڕوو، تا تەئكیدی بكاتەوە تەمەنی لانی كەم 63 ساڵە.
وەك ئاژانسی “ئەسۆشێتد پرێس” لە زاری دەسەڵاتدارانی تەندروستی نیوزلەنداوە بڵاویكردۆتەوە، ئەوان هیواخوازن دیاردەی جگەرەكێشان بەر لەو مێژووە كۆتایی بێت و دەڵێن، وڵاتەكەیان هەوڵدەدات لە ساڵی 2025دا جگەرەكێشی تێدا نەمێنێت.
بەپێی یاسا نوێیەكە، سزای 150 هەزار دۆلاری نیوزلەندی (95910 دۆلاری ئەمریكایی) بەسەر هەر نیوزلەندییەكدا دەسەپێنرێت كە سەرپێچی یاساكە دەكات.