عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، داوای دەستنیشانکردنی ئەو کەسانە دەکات کە بەرپرسن لە بۆردومانی فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی، هەروەها داوای پاراستنی سەقامگیری عێراق دەکات.
عەممار حەکیم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ” ئیدانەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی دەکەین، هاوکات پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەکەین کە لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە، نزا دەکەین بریندارەکان بە زووترین کات چاک ببنەوە”.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە داوای کرد: ” پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و ورد و ڕوون بکرێت بۆ دیاریکردنی بەرپرسانی ئەم هێرشە و پاراستنی سەروەری عێراق و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و هاووڵاتیانی”.