شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەنجامدەری بۆردومانەکەی عەربەتی ئاشکرا کرد



شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی بڵاویکردەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە فڕۆکەخانەی عەربەتی لە سلێمانی بۆردومان کرد، لە سنووری تورکیاوە داخڵی عێراق بووە.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی بۆردومانەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، بۆردومانەکە لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە کە لە سنووری تورکیاوە داخڵی عێراق بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “کاتژمێر 5ی ئێوارەی دووشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە سنووری تورکیاوە داخڵی ئاسمانی عێراق بووە و فڕۆکەخانەی عەربەتی لە سلێمانی بۆردومان کرد، بە هۆیەوە سێ قارەمانی دەزگای دژە تیرۆر شەهید بوون و سیانی دیکەش بریندار بوون”.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو “دوژمنکارییە، پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایش و سەلامەتی خاکی عێراقە” و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان، هەروەها پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و بنەما و ئامانجەکانی بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسفیکرد.

ڕاشیگەیاند، دەستدرێژییە دووبارەکان لەگەڵ بنەمای دراوسێ باشیی نێوان وڵاتان یەکناگرنەوە و هەڕەشە لەسەر لەباربردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ بنیادنانی پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی باش و هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانی دروست دەکات.

ڕاگەیاندنەکەی شانەی ئەمنی بە هەڕەشەیەك کۆتایی هاتووە و دەڵێت: “عێراق مافی هەیە سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێت”.

 

یونامی: سەروەری عێراق پێشێلکراوە
پێت یونامی: سەروەری عێراق پێشێلکراوە
بەهۆی مەترسی هێرشەوە لە دوو قوتابخانەی سنووری هەولێر دەوام راگیرا
دوات بەهۆی مەترسی هێرشەوە لە دوو قوتابخانەی سنووری هەولێر دەوام راگیرا
پەیوەنیدر