گابۆن، ئەو وڵاتەی لە سەربەخۆییەوە تا ئێستا ٣ کەس سەرۆکایەتیان کردووە



گابۆن کە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠-٨-٢٠٢٣ لە لایەن کۆمەڵێک ئەفسەرەوە کودەتای سەربازیی تێدا ڕاگەیەندرا، دەکەوێتە ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەفریقا، یەکێک لە وڵاتە ئاوەدانەکانی ناوچەکەیە و بەرزترین پێودانگی هەیە لە پێوەرەکانی گەشەی ژیان لەچاو وڵاتانی دیکەی ئەفریقایی و بە “زەبەلاحی نەوت”ی ئەفریقا ناسراوە.

 

ئەم وڵاتە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٧٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ کەنداوی گینیا و لە باکووری ڕۆژئاوای ئیکواتۆریال گینیا و لە باکوورەوە کامێرون و لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە لەگەڵ کۆنگۆ هاوسنوورە.

ساڵی ١٩٦٠ سەربەخۆیی لە فەرەنسا وەرگرت، لەساڵی ١٩٦١وە، تا ١٩٦٧ لیون مبا سەرۆکایەتی دەکرد، دواتر و تا ساڵی ٢٠٠٩ عومەر بۆنگۆ تا سەروەختی کۆچی دوایی سەرۆکی گابۆن بوو، پاشان سەرۆکایەتی بۆ نەوەکەی (عەلی بۆنگۆ) گواسترایەوە تا بەرەبەیانی شەوی چوارشەمە و ڕاگەیەندنی کودەتای سەربازی.

لە٨٠٪ دانیشتوانی گابۆن، جگە لە زمانە ناوخۆییەکانیان بە زمانی فەرەنسی قسە دەکەن و زمانی فەرەنسی زمانی فەرمی وڵاتە.

 

لەدوای دۆزینەوەی زۆرێک لە بیرە نەوتییەکان لە دەوروبەری لیبرڤیلی پایتەخت لە ساڵی ١٩٣١، گابۆن بووە خاوەن سامانێکی زۆری نەوت، ئەمەش وایکردووە لە ڕیزی ٥ بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوتی خاو لە ئەفریقادا پۆلێن بکرێت بەپێی داتاکانی زانیاری و کارگێڕی وزەی ئەمریکا.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئۆپێک، بەرهەمهێنانی گازی سروشتی گابۆن تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ گەیشتووەتە ٤٥٤ ملیۆن مەتر سێجا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٠ تەنها ٨٠ ملیۆن مەتر سێجا بووە.

 

تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١، ٢٦ ملیار مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی سەلمێنراوی هەبووە کە زۆربەیان لە کێڵگە نەوتییەکاندابوون.

 

حکومەتی گابۆن پشت بە داهاتی نەوتی خاو دەبەستێت، کە لەگەڵ پێکهاتەکانی تردا نزیکەی ٤٥٪ی بەرهەمی ناوخۆیی وڵات پێکدەهێنن.

 

جگە لەوەش هەناردەی نەوت و بەرهەمەکانی دیکەی گابۆن نزیکەی ٧٩٪ی کۆی داهاتی هەناردەکردنی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا پێکهێناوە.

 

گابۆن لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە ڕیزبەندی (ئیبراهیم بۆ حوکمڕانی ئەفریقا) لە پلەی ٢١دا بوو لە کۆی ٥٣ وڵات، کە پێوەرێکی گشتگیرە بۆ حوکمڕانی لەسەر بنەمای گۆڕاوە جیاوازەکان کە ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی حکومەتەکانە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستی هاووڵاتیانیان جگە لە نەوت و غاز.

عومەر بۆنگۆ سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، لە ساڵی ٢٠٠٢ گابۆنی خستە سەر نەخشەی جیهانی وەک شوێنێکی گەشتیاری بە دیاریکردنی زیاتر لە ١١٪ی خاکەکەی وەک بەشێک لە سیستمی پارکە نیشتمانییەکان (بە کۆی گشتی ١٣ پارک)، کە یەکێکە لە گەورەترین ڕێژەی پارکەکان لە جیهان.

لە ماوەت پەردە لەسەر پەیکەری کەڵەشێر لادرا و چیرۆکی پیرۆزیی پەلەوەرەکەش بەم شێوەیەیە
پێت لە ماوەت پەردە لەسەر پەیکەری کەڵەشێر لادرا و چیرۆکی پیرۆزیی پەلەوەرەکەش بەم شێوەیەیە
کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
دوات کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
پەیوەنیدر