وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: “بابەتێک بڵاوکراوەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان تایبەت بەدۆسیەی ئاو و گرتنەوەی ئاو لەگەڵ عێراق” کە ئەو دەنگۆیە ” هیچ بنەمایەکی دروستیان نیە.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە کە هیچ کۆبونەوەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق،بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدان”.
وەزارەتەکە دەشڵێت:”بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندیەکانمان ڕۆژی یەک شەممە 2023/8/27، کۆبونەوەی تایبەت هەبووە لە نێوان لێژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی بەرێوەبردنی مەلەفی ئاو، لەژێر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتن و هەماهەنگیانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە ، هیچ جۆرە ناکۆکیەک لەسەر ستراتیژی بەرێوەبردنی ئاو نیە”.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەممە نەبەز ڕەفعەت، ڕاوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ ڕاگەیاند، ھەرێمی كوردستان بەردانەوەی ئاوی بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كردووتە فشار لەسەر حكومەتی فیدڕاڵ، ھەر كاتێك بەغدا ڕێگری لە ھەناردەكردنی بەرھەمی ھەرێم بكات بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ئێمەش ئاو لەسەر ئەو ناوچانە دەگرینەوە.