دادگای فیدڕاڵی عێراق یەكەم دادبینی لە دۆسیەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجام دا.
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ئەمڕۆ دوو شەممە 14ی ئاب، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق كۆبووەوە و دادبینی بۆ ئەو سكاڵایە ئەنجامدا، كە لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتار و نەوەی نوێوە تۆماركرداوە لەسەر حكومەتی هەرێم لە دژی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری یاسایی حكومەتی هەرێم، دادگا دادبینی دواخستووە بۆ 10ی مانگی داهاتوو (10-9-2023) بۆ بەردەوام بوون لەسەر داواكە.
لە ساڵی 2016ەوە و ماوەی 8 ساڵە حكومەتی هەرێم بێ هیچ پاساوێكی یاسایی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاگرتووە و لەو كاتەدا بیانووی قەیرانی دارایی بوو، بەڵام دواتر پلەبەركردنەوە بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی (وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە) دەستی پێكردەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو مافە یاساییە بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی ناگەڕێنێتەوە.