سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای ململانێی هەرێم و عێراق و ئابووری سەربەخۆ كێشە بۆ مووچە دروست بوو تا لە 2016دا سەری كێشا بۆ پاشەكەوتی زۆرەملێ و دەشڵێت: ” پاشەكەوت قەرزە و دەبێت بدرێتەوە”.
مامۆستا عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە وتارێكیدا، كە لە (خەڵك) بڵاوكراوەتەوە ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی ئاڵۆزی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرالدا هەروەها پڕۆسەی بەناو ئابووری سەربەخۆ، گرفتی پێدانی مووچە لە سەرەتای ( 2015)ەوە سەری هەڵدا و مانگ لە دوای مانگ دوا دەكەوت، سەرەنجام لە كۆتایی 2015 و سەرەتای 2016، بە دیاریكراوی لە مانگی دوودا سەری كێشا بۆ پاشەكەوتی زۆرەملێ، كە پێچەوانەی پێدراوە یاساییەكانی یاسای مووچەی ژمارە 23ی ساڵی 2008 و یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە (24)ی ساڵی 1960 بوو.
وتیشی، “ئەو پاشەكەوتە درێژەی كێشا تاوەكو 34 مانگ، واتە ئەو ماوە بەردەوام پاشەكەوت بە ڕێژەی 20% تاوەكو 70% كراوە، دوای ئەوەش (12) مووچەی تەواو نەدراوە، كە چوار مانگ لە ساڵی 2015 بووە و 8 مانگەگەی تریش لە ساڵی 2019 و سەرەتای 2020 بووە، لەگەڵ ئەوەشدا (10) مانگیش لێبڕین كراوە بە ڕێژەی 21% و 18%، هەمووی بخرێتە سەر یەك بۆ هەر مامۆستا و فەرمانبەرێك دەكاتە گوژمەیەكی گەورە لە نێوان 10 بۆ زیاتر لە 70 ملیۆن، ئەمە و بەرزكردنەوەی مووچەش لەولاوە كە لە 2015ەوە وەستێنراوە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لێرەدا راستیەك هەیە دەبێت بوترێت، ئەو لایەنانەی ئەو قوڕەیان بۆ ئەم خەڵكە گرتەوە، نابێت لە بیری بكەن و ئەو بابەتە بە هەنگاوێكی رەفتەنی هەژماری بكەن، وا بزانن مامۆستایان و فەرمانبەران كە قۆناغەكەیان بە هەزار دەردەسەری بڕیوە، ئیتر بە هەندی وەرناگرن و پاساوەكان قبوڵ دەكەن، بە پێچەوانە هەموو ئەوانەی مامەڵەی ناتەندروستیان لەگەڵدا كراوە، یەك دروشمیان هەیە و نایكەنە دوو، ئەویش ئەوەیە، پاشەكەوت قەرزە و دەبێت بدرێتەوە.
تەواوی وتارەكە لە سایتی (خەڵك) بخوێنەرەوە