لەمیانەی یارییەكانی مۆندیالی قەتەر، ئەرجەنتین لە ئوسترالیای بردەوە و گەیشتە قۆناغی چارەكی كۆتایی.
لە یارییەكانی قۆناغی 16ی مۆندیالی 2022ی قەتەر، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە هەڵبژاردەی ئوسترالیای بردەوە.
یارییەكە هەر لەسەرەتاوە بە ڕكابەرییەكی گەورە دەستیپێكرد و یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە بە ئاستێكی بەرزەوە دەركەوتن بەتایبەتی ئەرجەنتینیەكان كە كۆنتڕۆڵی یاریەكەیان كرد.
لەدوای چەند هەلێكی مەترسیدار لەخولەكی 35 لەلایەن لیۆنێل میسیەوە گۆڵی یەكەمیان تۆماركرد و تایمی یەكەم بەو تاكە گۆڵە كۆتایهات.
لە تایمی دووەم یاریزانانی ئەرجەنتین بەردەوامبوون لەئاستە بەرزەكەیان و لەخولەكی 57 جولیان ئەلڤارێز سوودی لە هەڵەیەكی گۆڵچی ئوسترالیا وەرگرت و گۆڵی دووەمی ئەرجەنتینی تۆماركرد، دواتر ئوسترالیا بەردەوامبوون لە هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی ئەنجامەكە و لەخولەكی 77 ئینزۆ فێرناندێز بەهەڵە تاكە گۆڵەكەی ئوسترالیای تۆماركرد.
بەوشێوەیەش ئەرجەنتین گەیشتە قۆناغی چارەكی كۆتایی مۆندیال و لەو قۆناغەدا ڕووبەڕووی هۆڵەندا دەبێتەوە.