سەرۆكی ئەمریكا لە دوای گەیشتنی بە ئۆكراینا، پشتيوانی خۆی بۆ سەربەخۆیی و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە دەربڕی و بە ئۆكراینییەكانی ڕاگەیاند كە جیهان لەگەڵیاندایە.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لەدوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڤلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراینا لە كێیڤ ڕایگەیاند:”لە پاش ساڵێك، كیێڤ خۆڕاگرە، ئۆكراینا خۆڕاگرە، دیموكراسی هەیە. ئەمەریكاییەكان لەگەڵتاندان، جیهان لەگەڵتاندایە.”
بە وتەی بایدن:”زیاتر لە 50 وڵات یەكیان گرتووە بۆ یارمەتیدانی لەشكری ئۆكرانیا و یەكخستنی ئابوری بۆ سەپاندنی باجێكی پێ پێشینە بەسەر ئابوری ڕووسیادا، پوتین پێیوابوو ئۆكراینا لاوازە و ڕۆژئاوا دابەشە، پێیوابوو دەتوانێت لە ئێمە زیاتر خۆڕاگربێت، بەڵام پێموانییە ئێستا وەها بیربكاتەوە”.
بایدن كۆمەڵێك یارمەتی نوێی ئەمەریكای بۆ ئۆكراینا ڕاگەیاند كە بەهاكانیان دەگاتە 500 ملیۆن دۆلار. لە نێو یارمەتییەكانیشدا، گولـلە تۆپ و چەكی دژە تانك هەن، ئاماژەی بە سەپاندنی سزای نوێی وڵاتەكەشی كرد بەسەر ڕووسیادا.
لەبەرامبەردا ڤلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراینا سوپاسی سەرۆكی ئەمریكای كرد و ڕایگەیاند:”ڕووسیا هیچ هەلێكی بۆ بردنەوەی شەڕەكە نییە، ئەوان لە بارەی دۆخی بەرەكانی جەنگەوە وتووێژ لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا دەكەن”.
هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، زەنگی ئاگاداركردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە كیێڤ و چەند ناوچەیەكی تری ئۆكراینا لێیدا.