وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کێشەی گرانبوونی نرخی دۆلار بە ئیرادەی حکومی و جەماوەری بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی چارەسەر کراوە، دەشڵێت: “وەزارەت لە كۆتایی ئامادەكارییەكانی بۆ بودجەی فیدڕاڵی 2023 نزیك دەبێتەوە”.
تەیف سامی، وەزیری دارایی لە بەیاننامەیەكدا، كە لە کۆڕبەندی (بەردەوامی دارایی لە ناوچەی عەرەبی لە قەیرانی دوای پەتای کۆرۆنا: تەحەددیات و دەرفەتەکان)، کە ئەمڕۆ لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات کاروباری خۆی کردەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، هەوڵماندا یاسای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان و پاراستنی دارایی بە بڕی (25) ترلیۆن دینار دەربکەین بەمەبەستی کەمکردنەوەی هەژاری و گەیشتن بە سەقامگیری دارایی و بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.
ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی عێراق ڕووبەڕووی پەتاکەی کۆرۆنا بووەوە بە گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی دەستبەجێ بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی لە ڕێگەی سیاسەتی نیشتمانی و کۆکردنەوە و تەندروستی و کۆمەڵایەتییەوە، کە تیشکیان خستە سەر گرووپە کۆمەڵایەتییە پەراوێزخراوەکان و ئاسانکارییان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەمەش ئەم ڕێوشوێنە دەستبەجێ و خۆپارێزییانەی قورستر کرد و بارگرانی بۆ دارایی لەسەر پارەی گشتی دروست كرد.
وتیشی، “ئابووری عێراق بەدەست گرفتی پێکهاتەیی درێژخایەن دەناڵێنێت، بەو پێیەی تا ئێستاش سرووشتێكی بەهاری زیاتر بەسەریدا زاڵە و بوژانەوەشی پەیوەستە بە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا، ئەمەش حکومەت و دامەزراوە ئابووری و داراییەکانی دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ تێپەڕاندنی تەحەددیات و قەیرانەکان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، بەرنامەیەکی گەورە و بەمەبەست لە ئاستی ئابووری و داراییدا دەگرێتەبەر، لە ماوەی چەند مانگێکدا و بەدرێژایی ئەو مانگانە كاریگەری لەسەر پێوەرە ئەرێنییەکان ژیانی کۆمەڵگە و پێکهاتەی دامەزراوەیی دەوڵەت بۆ گەیشتن بە بەردەوامیی دارایی دەبێت.
دەشڵێت: “ئێمە لە لێواری تەواوکردنی کارەکانین لەسەر بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و ئاراستەی بەرەو چاکسازیی ئابووری هەمەلایەنە لە ئابووری عێراق و پەرەپێدانی ستراتیژییەکی ڕوون بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی، داهاتەکانی بەرز بکاتەوە و گەشەپێدان بەرەو پێشەوە ببات”.
وەزیری دارایی عێراق ئاشكراشی كرد، کێشەی گرانی نرخی دۆلار بە ئیرادەی حکومی و جەماوەری بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی چارەسەر کرا.