وەزیری كشتوكاڵی توركیا ڕایدەگەیەنێت ، لەو ناوچانەی بوومەلەرزەكانی تێیدا ڕوویداوە، 140 بەنداو هەیە، دەشلێت ،”هیچ كامیان مەترسییان لەسەر دروست نەبووە، هەموو رۆژێكیش لەلایەن تیمە پەیوەندیدارەكانەوە بەنداوەكان كۆنتڕۆڵ دەكرێنەوە”.
واحید كیریشجی، وەزیری كشتوكاڵ و دارستانەكانی توركیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لەو ناوچانەی بوومەلەرزەكان ڕوویداوە 140 بەنداو هەیە، كە 110 بەنداوی گەورە و 30 بەنداوی بچووكن، لەو 172 وێستگەی هایدرۆ ئەلیكترییانەی لەو ناوچانە هەن، هیچ كێشەیەكیان بۆ دروستنەبووە و هەموو رۆژێكیش لەلایەن تیمە پەیوەندیدارەكانەوە بەنداوەكان كۆنتڕۆڵ دەكرێنەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لەكۆی ئەو 140 بەنداوەی دەكەونە ناوچە زیانلێكەوتووەكانی بوومەلەرزەكە، هەشت بەنداو لەژێر چاودێریدان، هەروەها ئاوی هەریەك لە بەنداوەكانی سوڵتانسویو لە ماڵاتیا و بەنداوی بچووكی ئاریكڵیكاش لە عوسمانییە، بەتاڵكراون.
ئاشكراشیكردووە، كە ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی بەنداوی ئەتاتورك و یارسەلیش بڵاوكراونەتەوە، دوورن لە راستیەوە و سێ رۆژ لەمەوبەر لەلایەن تیمە تەكنیكییەكانەوە لێكۆڵینەوە لەو دوو بەنداوە كراوە، هەندێك درز دروست بوون، بەڵام زوو زوو ئەو درزە بچووكانە دروست دەبن و نابنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی بەنداوەكان.