هەرچەندە بانکی ناوەندی بڕێکی زۆری دۆلاری خستۆتە بازاڕەوە، بەڵام هێشتا بەهای دۆلار دانەبەزیوە، ئابوریناسێکیش بەشێکی هۆکارەکە بۆ نەبوونی چاودێری دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق زیاتر لە ٣٠٥ ملیۆن دۆلاری خستۆتە بازاڕەکانەوە، بەڵام بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزنەبۆتەوە، ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٥٠ هەزار دینارە.
نەبەرد کەریم، پسپۆڕی دارایی و ئابووری لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ جێگیر نەکرێت، نرخی دراو جێگیر نابێت.
بەشێکی دیکەی هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ڕێگرینەکردن لە چوونە دەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی ئێران و تورکیا، تا ئەوەش نەکرێت هەرچەندە دۆلار بخرێتە بازاڕەوە نرخی دینار بەرزنابێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەگەر حکومەتی عێراقی بۆ ماوەی هەفتەیەک تا ٢٠ ڕۆژ وەک ئەمڕۆ ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕەوە، ئەوا نرخی دینار جێگیردەبێتەوە و بازاڕیش سەقامگیر دەبێت.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا بەخێرایی بەرزبوونەوە، بەڵام ئێستا کە نرخەکان دابەزیوون هێشتا کاڵاکان نرخیان بەرزە، نەبەرد کەریم هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، کە “بازرگانی نیشیمانی نییە”.
دەڵێت: “ئیمە کێشەی بازرگانمان هەیە، بازرگانەکانمان بەڕێژەیەکی زۆر چاوچنۆکن، بازاڕیان قۆرخکردووە، بە ئارەزووی خۆیان نرخەکان بەرزدەکەنەوە، هەروەها نەبوونی چاودێری لە نرخەکان هەیە، بەشێکی زۆری بازرگانەکان کەسی گەورەی سیاسیان لە پشتە”.