پەڕلەمانی كوردستان توانای هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی نابێت
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر سكاڵایەك كە لە دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەڕلەمانی كوردستان تۆمار كرابوو، دادگا بڕیاردانی دواخست.
دادگای فیدڕاڵی لە كۆبوونەوەكەدا كە لەبارەی سكاڵایەكەوە لە دژی درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی كوردستان تۆماركرابوو، بڕیاری كۆتایی نەدا و بۆ دانیشتنێكی دیكە دوایخست.
لە بارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەڕلەمان لە لایەن دادگای فیدڕاڵی و كاریگەرییەكانی بۆ سەر هەرێم ڕێژیار ساڵح، یاساناس بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەگەر ئەو بڕیارە دەربكرێت، پەڕلەمانی كوردستان ناتوانێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربكاتەوە و كۆمسیۆنیش كارابكاتەوە، چونكە هەر بڕیارێك دەربچێت نایاسایی دەبێت.
دەشڵێت، بەئەگەری زۆرەوە هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێرباری بڕیارێكی لەو جۆرەوە و جێبەجێی ناكات، چونكە یەكێكە لەبڕیارەكانی دژ بەهەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم و سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری لەكۆبوونەوەیەكدا بڕیاریاندا خولی پەڕلەمان درێژبكرێتەوە وپەڕلەمانیش دەنگی لەسەردا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بێت و بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت، دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بكات و بەیاسای كۆن هەڵبژاردن بكرێت، چونكە لەو حاڵەتە پەڕلەمانی كوردستان ناتوانێت یاسای هەڵبژاردن لە یەك بازنەییەوە بكاتە چواربازنە، بۆیە هاوشێوەی بڕیارەكانی دیكە هەرێمی كوردستان پابەند نابێت.
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی درێژكردەوە و ئەمەش ناڕەزایی بەشێك لە پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆنی لێكەوتەوە.
سكاڵایەك لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو بڕیارە تۆماركرابوو، كە بە پاساوی ئەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نایاساییە.