جەنگی درۆنەكان بەرەو قوڵایی خاكی ئێرانە



مەترسییەكانی جەنگی تاران و واشنتن لە هەرێمی كوردستان و سعودیە و ئیمارات و یەمەن و لوبنانەوە بۆ ناوخۆی ئێران دەگوازرێتەوە

هێرشەكەی ئەسفەهان، هێرشێك تەنگەژەی ئێران هێندەی دیكە ئاڵۆزتردەكات، ڕۆڵی درۆنەكان پێچەوانە دەكاتەوە، كاتێك درۆنەكانی ئێران ئامانجەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان لە هەرێمی كوردستان و سعودیە و ئیمارات و ئۆكراین و شوێنەكانی دیكە دەكردە ئامانج‌و ئێران وایدانابوو ئەو شوێنانە بەرەی جەنگی دژە ئەمریكان، بەڵام ئێستا درۆنە نەناسراوەكان كە نازانرێت ئەمریكایی یان ئیسرائیلین هەستارترین شوێنیان لە ناوەڕاستی ئێران كردە ئامانج.

زۆرجار كاربەدەستانی ئێرانی دەڵێن “ئێمە لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن شەڕی پارێزگاری لە خاكی ئێران و بەرژەوەندییەكانی دەكەین، شەڕێك لەو وڵاتانە نەكرێت، دەبێت لەناوخۆی ئێران بكرێت”.

ئەو قسانەی كاربەدەستانی ئێران بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تاران ئەو وڵاتانە وەك قەڵغانێك بۆ پارێزگاری لە خۆی بەكاردەهێنێت، كەچی بەشێكی زۆری لایەنە سیاسیی و ئاینییەكانی ئەو وڵاتانە، ئێران وەك هاوپەیمان سەیر دەكەن و بەرژەوەندییەكانی دەپارێزن بەتایبەت لە سووریا و عێراق و لوبنان و یەمەن.

هەر ئەو مامەڵەی دەوڵەتی ئێرانیشە، كە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەنی دووچاری تەنگەژەیەكی قورسی دارایی و ئابووری و برسێتی و جەنگ كردووە، تەنانەت بووەتەهۆی داڕمانی دراوە نیشتمانییەكانی ئەو وڵاتانە وەك لیرەی سووری و لوبنانی و ئەوە دیناری عێراقیش بەهاكەی لە دەستدەدات، یەمەنیش لەجەنگێكدا ڕووبەڕووی قەیرانی برسێتی و كوشتن و بڕین بووەتەوە.

هێرشەكەی ئەسفەهان خوێندنەوەی نوێی بۆ دەكرێت، بەجۆرێك چیدیكە جەنگ لە دەوروبەری ئێران نابێت، بەڵكو دەچێتە ناو خاكی ئێرانەوە.

ئەو هێرشە هاوكاتی گووشارە نوێیەكانی ئەمریكایە بۆ سەر ئێران و دۆستەكانی لە ناوچەكەدا لە ماوەی ڕابردوودا:

-سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر عێراق بۆ ڕێگری لە بردنەدەرەوەی دۆلار بۆ ئێران.

-چەند ڕۆژی داهاتوو شاندی خەزێنەی ئەمریكا دەچێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توركیا و ئیمارات و عومان ئاگاداردەكاتەوە پێشێلكردنی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران ڕابگرن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.

-هێرشەكانی ئەمریكا چڕتربوونەوە بۆ سەر میلیشیا شیعەكانی ئێران لە عێراق و سووریا.

-ئیسرائیل پەیامە ئاگرینەكانی لە دژی ئێران تووندكردووە.

-ئەوروپا سزاكانی لەسەر ئێران توندتر كردووە، بەتایبەت هەوڵی دانانی سووپای پاسداران لە لیستی تیرۆردا.

-ئەمریكا و ئەوروپا كۆتاییان بە گفتووگۆ ئەتۆمییەكان لەگەڵ ئێراندا هێناوە و پشتیوانیش بۆ ناڕەزایەتییە ناوخۆییەكانی ئێران زیاتر دەكەن.

ئەمریكا یان ئیسرائیل هێرشەكەی ئەسفەهانی كردووە؟

میدیای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكاییەوە بڵاویكردەوە، واشنتۆن هیچ پەیوەندییەكی بە هێرشەكەی ئەسفەهانەوە نییە.

بەرپرسە ئەمریكاییەكە ڕایگەیاند، حكوومەتی واشنتۆن هیچ پەیوەندییەكی بەو هێرشەوە نییە كە بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كرایە سەر كارگەیەكی دروستكردنی تەقەمەنی لە نزیك دامەزراوەیەكی ناوەندی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانیی ئێران لە شاری ئەسفەهان.

بەرپرسێكی ئەمریكی كە نەیویستووە ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە دەزگای ڕاگەیاندنی گشتیی ئیسرائیل (KAN)ی ڕاگەیاندووە: ”واشنتۆن دەستی نییە لە هێرشەكەی ئەسفەهاندا”.

هێشتا بەرپرسانی ئیسرائیل هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان سەبارەت بە بابەتەكە بڵاونەكردووەتەوە.

پێشتر حكوومەتی ئیسرائیل تۆمەتبار كراوە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە لەناو ئێراندا.

ڕۆژی یەكشەممە، تەلەڤزیۆنی فەڕمی ئێران بڵاویكردەوە، تەقینەوەیەكی گەورە لە دامەزراوەی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی سەر بە وەزارەتی بەرگریی لە شاری ئەسفەهان ڕوویداوە و وەزارەتی بەرگری ئێرانیش ڕایگەیاند، ڕووداوەكە هێرشی ئاسمانی بووە لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بووە.

لە كاتێكدا پارێزگای ئەسفەهان تەقینەوەكەی پشتڕاستكردەوە، ئاماژەی بەوە كرد، لە تەقینەوەكە زیانی گیانی نییە.

ئەندامی پەرلەمانی ئێران لە بازنەی ئەسفەهان، حوسێن میزرایی بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە ئەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانانەی لە ئاسمانی شاری ئەسفەهان بینراون سەر بە ئیسرائیل بوون.

ڕۆژنامەی “The Wall Street Journal” بڵاوی كردبووەوە، ئیسرائیل هێرشەكەی سەر دامەزراوەی بەرگریی ئێرانی بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئەنجامداوە.

ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكایی كە نەیویستووە، ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە ڕایگەیاندووە: ”ئیسرائیل هێرشەكەی ئەنجامداوە”.
هاوكات كەناڵی ئەلعەرەبییەی سعودیش بڵاویكردووەتەوە، ئەمریكا ڕۆڵی لە هێرشەكەی ئەسفەهاندا هەبووە.

لە دوای بەشداریكردنی ئێران بە هەناردەی درۆن بۆ ڕووسیا لە جەنگی ئۆكرایندا، ئەمریكا بە تووندی ڕووبەڕووی ئێران بووەتەوە، چاوەڕێدەكرێت پەرەسەندنی نوێ لە داهاتوودا ڕوو بدەن.

 

دادگای فیدڕاڵی لەسەر پارەی بەشەخۆراكی هەرێم كۆدەبێتەوە
پێت دادگای فیدڕاڵی لەسەر پارەی بەشەخۆراكی هەرێم كۆدەبێتەوە
ڕووسیا: ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا نزیكە
دوات ڕووسیا: ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا نزیكە
پەیوەنیدر