كرملین هەڕەشەی سوتاندنی ئەو تانكانە دەكات كە پایتەختە خۆرئاواییەكان بەنیازن ڕادەستی ئۆكراینای بكەن، ئاماژە بە خستنەخوارەوەی نزیكەی 7 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیش دەكات لە نزیك كەنارئاوەكانی سیڤاستۆبوڵی نیمچە دوورگەی كریمیا.
ئەمڕۆ دوو شەممە، دیمتری پیسكۆڤ، وتەبێژی سەرۆكایەتی ڕووسیا ڕایگەیاند”ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەكە بەردەوام دەبێت. ئەو تانكانە دەسوتێن و دەسوتێنرێن”.
بە وتەی پیسكۆڤ”پیلانی هەندێك لە وڵاتانی وەك بەریتانیا و پۆڵەندا، سەبارەت بە ناردنی تانك بۆ ئۆكراینا، هیچ لە ڕەوشەكە ناگۆڕێت، بگرە تەنیا دەبێتە مایەی درێژكردنەوەی چیرۆكەكە”.
بەریتانیا و فەرەنسا و پۆڵەندا، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ناردنی تانك بۆ ئۆكراینا، ئەو هەنگاوەش لەلایەن كرملینەوە ئیدانەكرا.