مانگی 1ی ئەمساڵیش خەریكی كۆتایی دێت، هێشتا مووچەی ئەم مانگە و مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو دابەش نەكراوە و ئەندامێكی دەرچووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: 10 ساڵە پارتی و یەكێتی دەستی بە دەستی بە مووچەخۆران دەكەن و نایانەوێت كێشەی مووچە چارەسەر ببێت.
عومەر گوڵپی، ئەندامی دەرچووی پەرلەمانی كوردستان، كە بەهۆی ناڕەزایی حزبەكەی لە ئەنجامی هەڵبژاردن تا ئبێستا بایكۆتی پەرلەمانیان كردووە و دەستبەكارنەبوون دەڵێت: لە کۆتایی مانگی (1)ی (٢٠٢٥)داین، هێشتا مووچەی مانگی (12)ی (٢٠٢٤) دابەش نەکراوە!
دەشڵێت: “10 ساڵە پارتی و یەکێتی و حکومەتەکەیان درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن، ئەمڕۆ نا بەیانی، ئەم مانگە نا مانگی داهاتوو، کێشەی مووچەیان پێ چارەسەر نەکرا، چارەسەریشی ناکەن، چونکە دەست لە بەرژەوەندی خۆیان هەڵناگرن”.
جەختیشی كردۆتەوە، حکومەت و دەسەڵاتێک نەتوانێت بچوکترین ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، هیچ هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەش ناتوانێت شەرعییەتی مانەوەی پێبدات چ جای هەڵبژاردنی دیزاینکراو!