
بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق چۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە و بە ڕێكخستنەوەی تەمەنی خانەنشینی هەرێم “63 ساڵ” لەگەڵ تەمەنی خانەنشینی عێراق “60 ساڵ” ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر لە هەرێم خانەنشین دەبن، كە 4 موالید (1962 و 1963 و 1964 و 1965) دەكات و بەهۆیەوە نزیكەی 37 هەزار كەس خانەنشین دەبن و ئەوەش كەرتی گشتی لە سەرجەم سێكتەرەكان پەكدەخات.
“دەوامی خوێندنگەكان پەكی دەكەوێت”
عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەستەمە شوێنی ئەو مامۆستایانە پڕبکرێتەوە، کە خانەنشین دەکرێن
دەشڵێت: بڕیاری خانەنشینکردنی مامۆستایان بووەتە هۆی بایکۆت کردنی دەوام و پەكخستنی دەوام، كە دەبێت بڕیاری خانەنشینکردن وەزارەتی پەروەردە نەگرێتەوە.
مامۆستا عومەر جەختیی كردەوە، خانەنشین کردنی مامۆستایان دەوامی خوێندن پەک دەخات.
لای خۆشیەوە، عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان وتویەتی، “بڕیاری خانەنشینکردنی مامۆستایان بڕیارێکی دیراسەکراو نەبوو، كە پێش بڕیاری خانەنشین کردنی مامۆستایانیش کێشەی کەمی مامۆستا هەبووە”.
وتیشی، “خانەنشین کردنی مامۆستایان کێشەی گەورە لە کەرتی پەروەردەدا دروست دەکات”.
هاوكات، دلێر مەحمود، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەی هەڵەبجە دەڵێت: لە سنووری هەڵەبجە خانەنشینبوونی سەرپەرشتیارە پەروەردەییەکان بۆشایی دروست دەکات.
پارێزگار: خانەنشین كردنی ئەو ژمارە زۆرە كارەساتە
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، ئەو سەرمایە مرۆییە ئەزمووندارەی هەمانە ئەو نەوانەن، کە ئێستا خانەنشین دەکرێن و ئەوەش گرفت و بۆشایی گەورە دروست دەکات.
دەشڵێت: ئەو بۆشاییە تەنها بەوە پڕنابێتەوە، کە فەرمانبەری نوێ دابمەزرێن، چونكە دەرچوون لە زانکۆ بەو مانایە نییە بتوانیت بە سەرکەوتوویی کاربکەیت و هەر دامەزراوەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستی بە ڕاهێنان و پەرەپێدانە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو کەسانەی خانەنشین دەکرێن بە ئەزموونی چەند ساڵەیان توانیویانە بەم بارودۆخە ناهەموارەی کارگێڕی و ئابووری و یاساییەوە دامودەزگاکان بەڕێوەببەن، بۆیە نەمانی ئەوان و نەبوونی جێگرەوەیان کارەساتە.
تەنها لە كارەبای سلێمانی نزیكەی 650 فەرمانبەر خانەنشین دەبن
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەنوەر حەمە سەعید، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرەکانی کارەبا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی کۆبووەتەوە و گفتوگۆکراوە لەسەر هەڵسەنگاندنی کاروبارەکان و پلانی کارکردنی ئەمساڵ و پڕۆژەی رووناکی و کۆکردنەوەی قەرزی کارەباو زیادکردنی داهات و چارەسەرکردنی کێشەی خانەنشینبوونی فەرمانبەران و چۆنیەتی پڕکردنەوەی میلاکەکانییان تاوتوێکرد.
پەیوەست بە خانەنشینبوونی فەرمانبەرانیش، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ئاشکرای کرد،” بە پێی ئامارەکان 647 فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا خانەنشین دەبن”.