بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ئایینی ئیسلام و ئەو فەتوایەش، كە سەرۆكی یەكێتی زانایانی جیهانی مسوڵمان بڵاویكردۆتەوە، زیاتر لە70%ی ئەو پارەیەی پزیشكان و پزیشكانی دەرمانساز وەریدەگرن حەڵاڵ نییە.
دوێنێ شەممە، د. عەلی قەرەداغی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی جیهانی مسوڵمان چەند فەتوایەكی سەبارەت بە دەرمان و ڕێككەوتنی پزیشكان و كۆمپانیاكانی دەرمان بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، لە ئیسلامدا دروستكردن، یان فرۆشتن، یان مۆڵەتدان یان بەكارهێنانی هەر جۆرە دەرمانێك، كە لە دروستكردنی و جۆری كوالێتی و ماوەی كارپێكردن و بەرواری بەسەرچوونی و هاوشێوەكانیدا ساختەكاریی كرابێت حەرامە و هەروەها قۆستنەوەی هەل لە پێویستییەكانی خەڵكیدا قەدەغەیە و قۆرخكاریی حەرام كراوە.
سەبارەت بە ڕێككەوتنی پزیشك و كۆمپانیاكانی دەرمان لەو فەتوایانەدا هاتووە، “نابێت پزیشك -ئیتر بە پارە بێت یان بە هەر شتێكیتر- ڕەچەتەیەكی پزیشكی بنوسێ كە دەرمانی خراپبووی تێدا بێت، یان ساختەی تێدا كرابێت، یان زیانگەیەنەر بێت، یان ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت كە باری نەخۆشەكە بەپێی دیسپلین و ڕێنماییە پزیشكییەكان تیایدا دەستەبەر نەبووە، چونكە ئەمانە شتانی حەرامكراوی پڕوكێنەرن بۆ كۆمپانیای دروستكەری دەرمانەكە، یان لایەنی هاوردەكار، یان بۆ پزیشكەكە، یان هەر كەسێكیتر، یان بۆ لایەنێك كە پشكی هەیە لە ڕەواجدان بەو دەرمانە”.
لای خۆشیەوە، د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ یەك شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كاتی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی چاودێری تەندروستی بۆ پشكنینی خۆراك لەسەرجەم شوێنەكان ڕایگەیاند، “وەك د. عەلی ئاماژەی پێ كرد و بەپێی ئایینی ئیسلام، زیاتر لە70%ی ئەو پارەیەی پزیشكان و پزیشكانی دەرمانساز وەریدەگرن نەك لە سلێمانی بەڵكو لە هەموو عێراق حەڵاڵ نییە”.
وتیشی، “بەدڵنیاییەوە لە هەموو عێراق ڕێككەوتن لەنێوان پزیشكان و پزشیكانی دەرمانساز هەیە، ڕێككەوتنەكەش لەسەرشانی نەخۆشە و بەداخەوە تا ئێستاش نە حكومەتی هەرێم و نە حكومەتی عێراق نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵی بكەن”.
ئاشكراشی كرد، ئەم بابەتە زۆر بەئاسانی ئەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەگەر نرخی دەرمان و پشكنین لەسەرجەم دەرمانخانە و تاقیگەكان یەكبخرێت و بە یەك سیستم ڕێكبخرێت و لایەنێكیش هەبێت چاودێری بكات.