ئەندامێکی پێشووتری پەرلەمانی عێڕاق لەسەر هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر بەغدا زانیاری ئاشکرا دەکات و دەڵێت”لایەنە شیعییەکان نایانەوێت کێشەکان چارەسەربکرێن”.
بەپێی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا، شوان محەمەد، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاندووە،”ئێمە هەرێمێکین لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، بوونی کێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا گرفتی گەورە بۆ حکومەتی عێراق دروست دەکات. هەرێمێکین خاوەن زەوی و حکومەت و پەرلەمان و لەشکرێک کادرین لە بەغدا، گەر کار بگاتە هەڵوێست وەرگرتن، کارتمان زۆر بەدەستەوەیەو سەرئێشەی گەورە بۆ عێراق دروست دەکەین.”
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارو ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە،”هەرێم و بەغدا بەردەوام یەکتری تۆمەتباردەکەن و ناکۆکییەکانی نێوانیان ڕوون نین، هاوکات ئاراستەی سێیەمیش لەناو هاوکێشەکەدا نییە تا دۆخەکە ڕوونبکاتەوە، هەرچەندە عێراق و لایەنە شیعەکان نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، دەسەڵاتیان لایەو بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە لەگەڵ کورد و سونە دەکەن.”
ئاماژەی بەوەشداوە، لەلایەن هەرێمەوە باسی کشانەوە و بەکارهێنانی کارت بەرامبەر بەغدا دەکرێت، بەڵام هیچ کارتێک نابینم و لایەنە کوردییەکانیش لەناو خۆیاندا یەکگرتوو نین، بەغدا دەزانێت هەرێم کارتی بەدەستەوە نییە بۆیە زۆر گوێ بە هەڕەشەکانی نادات.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ بەشێک لە لایەنە کوردییەکان لە هەولێر بکۆبۆوە و بڕیاریاندا گەر عێڕاق گرفتی مووچەی هەرێم چارەسەر نەکات و کۆتایی نەیەت، ڕەنگە کشانەوەیان لە حکومەت بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە، کورد لە نێو خۆیدا یەکگرتوو نییەو فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری بایکۆتی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیران و نوێنەرانی کوردیان لەبەغدا کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تۆمەتبار دەکرێت بە ڕادەست نەکردنی داهاتی نەوتی و نا نەوتی لە ساڵی 2024 دا، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمیش پەنجەی تۆمەت بۆ عێراق درێژ دەکات بەوەی هەرجارەو بە بیانوویەک بودجەی هەرێم ڕادەگرێت.