دوابەدوای بڕیاری خستنەبواری جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی هەرێم دەڵێت: نزیکەی ٢٥ ھەزار کەس لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ خانەنشینی سوودمەند دەبن.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:” بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٣ ساڵەوە بۆ ٦٠ ساڵ، زۆر گرنگە و پابەندبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە بە یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ و بڕیاری دادگای فیدراڵی، ئەمەش سوودی زۆری بۆ خانەنشینان دەبێت .
وتیشی:” ئەوانەی خانەنشین دەبن ژمارەیان زۆرە، ھەرچەندە ئامارێکی ورد نییە، بەڵام بە خەمڵاندن ٢٥ ھەزار کەس خانەنشین دەکرێن و ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، ھەموو ئەو ئیمتیازاتانەی دەدرێت بە خانەنشینانی عێراق، پێویستە بدرێتە ئەوانەی ھەرێمی کوردستانیش، بۆیە ئەوانەی خانەنشین دەبن لەجیاتی ئەوەی شەش مانگ مووچەی تەواو وەربگرن، پێویستە مووچەی ساڵێکیان بە ھەموو دەرماڵەکانەوە پێ بدرێت بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.