سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سێ دۆسییەی گرنگەوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوت و گرنگترینیشیان دۆسییەی غازی یەدەگی عێراقە.
ڕەعد ئەلتەمیمی، سەرۆکی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیا عێراقییەکان، ڕوونی کردەوە کە “سەردانەکانی سودانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، و بەریتانیا ، گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی جەختکردنەوە لەسەر پێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگریکردن لە تێوەگلانی عێراق لە گرژییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسیەی دووەم پەیوەندی بە هەوڵدان بۆ کردنەوەی دەرگاکانی عێراق بەڕووی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاجیاکاندا هەیە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی کە سودانی لە ڕێگەی کۆبوونەوەی چڕوپڕ لەگەڵ بازرگانان و ژوورە بازرگانییەکان لەو وڵاتانەی کە سەردانی کردوون بەرهەمی هێناوە.
وتیشی “سودانی ئامانجی ئەوەیە کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکانە بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکان بێنێتە عێراق، لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا بە وەبەرهێنان لە کێڵگە غازییەکان، کە یەدەگی گەورەیان تێدایە کە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ کێڵگەیەکی سەرەکی و سەرچاوەی نوێی داهات بۆ عێراق”.
تەمیمی ڕوونیشیکردەوە، نزیکەی 70%ی سەردانەکانی سودانی بۆ دەرەوەی وڵات لەسەر ڕەهەندە ئابوورییەکانە، بەو پێیەی هەوڵدەدات دەرگایەکی ئابووری و بازرگانی لەنێوان بەغدا و پایتەختەکانی جیهاندا بکاتەوە، ئەمەش بەئامانجی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەردانێکی فەرمی بەرەو شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بەڕێکەوت، بە سەرۆکایەتی شاندێکی گەورەی وەزاری، لەو ماوەیەدا گفتوگۆی سیاسی و ئەمنی ئەنجام دەدات، هەروەها گفتوگۆی دیکەش کە تیشک دەخاتە سەر وزە و ئابووری ، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر فایلی سووریا، کە لە کارنامەی سەردانەکەدا دەبێت.