لەگەڵ نزیاکابوونەوەی چوونی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و زیادبوونی هەژموونی سەربازی ئیسرائیل لە ناوچەکە، ئێران مانۆڕی بەرگری ئاسمانی بۆ ئامادەکاری و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک دەکات.
میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، ئێران لە ڕۆژی شەممەوە دەستیکردووە بە ئەنجامدانی مانۆڕی بەرگری ئاسمانی، لەکاتێکدا خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتر لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.
ئەم مانۆڕە جەنگیە لە کاتێکدایە، کە سەرکردەکانی ئێران ڕووبەڕووی مەترسی ئەوە دەبنەوە کە ترەمپ ڕێگە بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بدات هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەروەها سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران لە ڕێگەی سیاسەتی “زۆرترین فشار” توندتر بکاتەوە.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە: “لەم مانۆڕانەدا، سیستەمی بەرگری مەشق و ڕاهێنان دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئاسمانی، مووشەکی و شەڕی ئەلیکترۆنی لە هەلومەرجێکی نەخوازراوی ڕوودانی شەڕدا بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات و ناوچە هەستیار و گرنگەکان.”
میدیای ڕەسمی ڕایگەیاندووە کە مانۆڕەکانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی مەشقی دوو مانگیدا دێت کە لە ٤ی ڕێبەندان دەستی پێکرد و لە ڕاستیدا ئەو مانۆڕانەی لەخۆگرتبوو کە تیایدا هێزەکانی سوپای پاسداران بەرگرییان لە دامەزراوە ئەتۆمییە گەورەکانی ناتەنز کردووە لە بەرامبەر هێرشەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی مهری ئێران بڵاویکردەوە، ئەم مانۆڕانە لە لایەن هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ئەرتەشی ئێرانەوە بەڕێوە دەچن کە ئەرکی سەرکردایەتیکردنی تۆڕی بەرگری ئاسمانی هەمەلایەنەی ئەو وڵاتەیان پێ سپێردراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەماوەی ئەم مانۆڕانەدا زۆرێک لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی دروستکراوی ناوخۆیی بەکاردەهێنرێن، هەروەها سەنگەرەکانی شەڕی ڕاستەقینە ئەزموون دەکرێن و مەشقەکان ئەنجامدەدرێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە ئاسمانی و مووشەکییەکان و شەڕی ئەلیکترۆنی”.