بریکاری وەزارەتی دارایی عێڕاق چارەنووسی مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکرادەکات و دەڵێت”عێڕاق نیازی خەرجکردنی نییە”.
ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێڕاق، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای پارتی ڕایگەیاند، بە ڕاشکاوی هیچ نیازێک لەلایەن وەزارەتی دارایی عێڕاق بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێم نییە، و ئەوەی ماوەتەوە لەو بڕەی کە بەغدا دەڵێت بۆ مووچەی مانگی 12یە، تەنها 50 بۆ 60 ملیاری ماوەتەوە و ناتوانرێت مووچەی پێ دابەشبکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، هەرێم بە دەستوور ماف و شایستەی هەیە و بە وتارێک دروستنەبووە و بە وتارێک بروخێت بەڵکو ئەوە مافی دەستووری خۆیەتی، و لەکۆی کابینەکانی حکومەتی هەرێم، هیچ کابینەیەک هێندەی کابینەی نۆیەم لەلایەن دادگای فیدڕاڵی تووشی گرفت نەبۆتەوە، و ئاڵنگاری گەورەی ڕووبەڕووکراوەتەوە.
ڕاشیگەیانڕاشیگەیاند، حکومەتی هەرێم بۆ مووچەی مانگێک پێویستی بە زیاتر لە 960 ملیار دینار هەیە و ئەو پارەیەی لەلایەن بەغداوە نێردراوە، بە فیعلی مووچەی 10 مانگی بۆ هەرێم ناردووە، و هەرێم لە داهاتی ناوخۆ مووچەی مانگێکی داوە، ئەمە جگە لە خەرجکردنی داهاتی ناوخۆ بۆ پرۆژە و خزمەتگوزارییەکان و کاروباری تری ناوخۆ، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو داهاتەبووە کە بۆی هاتووە.
ڕێباز حەملان وتیشی”لەکۆبوونەوەی سەرکردە ئەمنییەکانی بەغدا با ئاشکرا باسی هێزی پێشمەرگە کراوە لەڕووی ڕێکخراوی و بەرگریکردن و چالاکییەوە، و پێم وتون ئەو هێزەی ئێوە شانازی پێوەدەکەن دوو مانگە مووچەتان بۆ نەناردوون”.
هاوکات ڕوونیشیکردەوە، لیستی مووچەی ئەمساڵ بەشێوەی ئەلکترۆنی بۆ بەغدا دەنێردرێت و جێگیردەکرێت، هاوکات سبەینێ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی یەکێتی لەبەغدا دەبن و خەت لەو مافانە دەکەنەوە و زامنی مووچە و ماف و شایستەکانیا هەرێم بۆ ساڵی 2025 دەکەنەوە نەک بۆ مانگێک بەڵکو بۆ هەموو ساڵەکە.