بەبۆچوونی شارەزایانی كەشناسی “نوێژە بارانە” كاریگەری لەسەر گۆڕانی كەشوهەوا و بارینی ڕەحمەتی خوای گەورە هەبووە و پێشبینی ئەوە دەكەن، شەپۆلێكی باشی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی گرتۆتەوە و دواتریش شەپۆلێكی دیكەی بەفر و باران ناوچەكەمان دەگرێتەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نوێژە بارانەکەی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ هەولێر و دەورووبەری و بادینانیش ئیشی خۆی کرد و باران تا ئێستا زیاتر باریوە لەوەی پێشبینی بۆ دەکرا لەو سنوورانە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەداهاتووشدا زۆر زیاتر بەڕێوەیه بۆ دەشتی هەولێر وەک دەشتی مەخمور و قەراج و کەندێناوە، کە لەدوای دەشتی گەرمیانەوە بەگرنگترین دەشتاییەکانی کوردستان دادەنرێت بۆ بەرهەمێنانی بەربوومی دانەوێڵە، كە لەساڵانی کۆندا یەک تەنەکە سەدی بڕیوه.
ڕاشیگەیاند، پشت بەخوا ئەم شەپۆلە ئەمشەو و سبەینێش درێژەی دەبێت و بەشێوەی زستانی لەهەموو هەرێم و گەرمیان و سنووری هەولێر و کەرکوک و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە باران دەبارێت لەشاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.
وتیشی، “بەگشتی شەپۆلەکە بۆ هەموو کوردستان لەواقع لەپێشبینی باشتر دەبێت و پشت به خوا شەپۆلی تری باشتری باران و بەفری تر بەڕێوەن لەم مانگەدا و مانگەکانی تر دۆخی دەبارین باشتریش دەبێت”.