بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغدا کۆبوونەوە و ڕایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاویكردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین ڕووداو و پێشهاتەکانی عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ دوورخستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لە عیراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، “پابەندبوونی حکومەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانەوە بۆ سەرجەم هاوڵاتییان دووپاتکرایەوە”.
وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، “یەکێتی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیدایە بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”. داواشی لە سەرۆک وەزیران کرد وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان و رێگری لە بەسیاسی کردنی ئەم پرسە نیشتمانییە بکرێت.
جەختیشكرایەوە لەسەر، “خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی خزمەتگوزار و دادپەروەر”.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، “هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە پرسی حکومەتی نوێ ڕوونە و دەمانەوێت یەکسانی و دادپەروەری بنەمای حکومەتی داهاتووبێت، دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات، ئامانجەکەی بەهێزترکردنی کوردستان بێت و توانای چارەسەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵکی هەبێت”.