سەرۆكی پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ-ی توركیا ڕایدەگەیەنێت، پێویستە پارێزگاری لە یەكپارچەیی خاكی سوریا و یەكێتییەكەی بكرێت و دەشڵێت: “دابەشبوونی سوریا، دابەشبوونی ئێران و توركیای بەدوادا دێت”.
فاتیح ئەربەكان، سەرۆكی پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ، ڕایگەیاند، “دڵخۆشین بە ڕووخانی ڕژێمی سوریا، بەڵام نیگەرانیشمان هەن. هەر چۆنێك بێت پێویستە پارێزگاری لە یەكپارچەیی خاكی سوریا و یەكێتییەكەی بكرێت، چونكە دابەشبوونی سوریا، دابەشبوونی ئێران و توركیای بەدوادا دێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “هاوشێوەی ئەم ڕووداوانە لە عێراقیش ڕوویاندا. نیگەرانین لەوەی هەمان ڕووداو لە سوریا دووبارە ببێتەوە. لەم قۆناغەدا ویستی ئەمریكا و ئیسرائیل ئەوەیە هاوشێوەی عێراق، سوریاش دابەش بكەن و لەوێ دەوڵەتێكی تیرۆر دروستبكەن”.
ئەربەكان سەبارەت بە پێشڕەوییەكانی ئیسرائیل لە سوریا وتی: “ئیسرائیل ناوچەكانی جۆلانی بە تەواوەتی داگیركردووە. بەمەش ئێستا دەتوانێت لەوێوە بۆردوومانی بەیرووت و شامیش بكات. ئەوان یەكپارچەیی و حكومەتی ناوەندییان لە سوریا ناوێت. ئەمەش ئاسانكاری دەكات تاوەكو هیواكانی رژێمی زایۆنی بێنەدی. پێویستە بەرامبەر ئەم پیلانانە وریا بین. ئەگەر سووریاش هاوشێوەی عێراق دابەش ببێت، ئەوكات ئێران و توركیاش دابەش دەكرێن”.