ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشكرای دەكات، دەسەڵاتدارانی عێراق هەوڵەکانی هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) چڕتر کردۆتەوە و ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە، كە زانیاری هەواڵگری ئاڵوگۆڕ دەكەن.
ئەمڕۆ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی مانۆڕێكی سەربازییان لەسەر سنوورەكانی عێراق – سوریا ئەنجامدا و هێزەكانی پاسەوانی سنوور خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ ڕێگری لە دزەكردنی هەر گرووپێكی چەكدار لە سوریاوە بۆ ناو خاكی عێراق و دوورخستنەوەی وڵات لەو شەڕەی ناو سوریای گرتۆتەوە.
محەمەد كاكەیی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە(دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند، لەدوای ڕوداوەكانی سوریاوە ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان بەدرێژایی سنوری سوریا توندتركراون و کامێرای ئاسایشی لەسەر تەواوی سنوری پارێزگای نەینەوا لەگەڵ سوریا دانراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاسەوانانی سنوری عێراق بەدرێژایی سنورەكان ئامادەن بۆ هەر هەڕەشەیەک، كە بۆ سەر موسڵ و عێراق بە گشتی دروست دەبێت و لە ئامادەباشیدان.
وتیشی، “دەسەڵاتدارانی عێراق هەوڵەکانی هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) چڕتر کردۆتەوە، کە بەشێک لە دیوی سوریای سنورەکەیان کۆنترۆڵکردوە.
ئەوەشی خستەڕو، “ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموكراتدا هەیە، بۆ زانیاری هەواڵگری هاوبەشین لەسەر هەر هەڕەشەیەک، كە بۆ سەر هەردولا دروست دەبێت”.