دابەشكرنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان دەستپێدەكات



هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حكومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا بكاتەوە و بۆ هەر بەرمیلێكیش بڕی نزیكەی 105 هەزار دینار دەبێت.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیارە بەم نزیكانە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە نەوت دابین بكرێت و لەگەڵ گەیشتنی بە كۆگاكان، دەست بە دابەشكردنی دەكرێت بەسەر هاووڵاتیاندا.

ڕاشیگەیاند، تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە لەسەر بڕ و نرخەكەی، بەڵام پێدەچێت هەروەكو ساڵی ڕابردوو بڕی 200 لیتر بە 103 هەزار دینار بدرێت بە هاووڵاتیان.

سەبارەت بە هاتنی نەوت لە بەغداوە، سەرچاوەكە وتی، “تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە لە بەغداوە نەوت بدرێت بە هەرێم و هەوڵ دراوە، بەڵام تا ئێستا هیچیان بەدەست نەگەیشتووە”.

لای خۆشیەوە، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاندووە، “حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیایەکەوە نەوتی سپی بۆ هاونیشتمانییان دابین دەکات، كە بڕەكەی 100 ملیۆن لیترە و هەر بەرمیلێكی 200 لیتری بە نزیكەی 105 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان”.

بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەکانی سلێمانی بۆ (كەناڵ8) وتویەتی، “بڕیارە 16ـی ئەیلول وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی سپی ڕابگەیەنێت، سەرەتاش بۆ ناوچە شاخاوییەکان دەبێت”.

لەبارەی دابینکردنی نەوتی سپی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەی ڕوونکردەوە، ڕەوانەکردنی نەوتی سپی لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەکەوێتە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم و ناکرێت هیچ بڕە نەوتێک دابەشنەکرێت و چاوەڕێی بەغداد بکرێت.

 

شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق گەیشتە هەولێر
پێت شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق گەیشتە هەولێر
قوباد تاڵەبانی: ئەمڕۆ یەكێتی لە ھەموو كاتێكی تر زیاتر یەك دەنگ و یەك ھەڵوێستە
دوات قوباد تاڵەبانی: ئەمڕۆ یەكێتی لە ھەموو كاتێكی تر زیاتر یەك دەنگ و یەك ھەڵوێستە
پەیوەندیدار