مووچە!!!، بۆ ڕابردوو یان داهاتوو؟



دوای تێپەربوونی زیاتر لە 60 ڕۆژ دوێنێ سێ شەممە لە هەرێم دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووز، ئەوەی جێی سەرنج بوو خانەنشینان بەدڵی خۆشەوە دوای هاوتاکردنی مووچەکانیان لە بانکەکان هاتنەدەرەوە، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان بوو مووچەخۆرانی دیکە هەمان هەستیان نەبوو، ئەوان پێیان وایە دواکەوتنی مووچە دووبارە دووچاری قەرزی کردوونەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە هەفتە ڕابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا-ی کرد، و لەگەڵ نوێنەری وەزیری دارایی و بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە سەبارەت بە چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام ئەوەی دیاربوو شاندەکە نەگەیشتنە ڕیککەوتنی کۆتایی، هەمان هەفتە شاندێکی تر چوونەوە بەغدا و ئەمجارە وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا 36 ملیار و 105 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی تەممووز (7)ی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج کرد، و بە وتەی پەرلەمانتاران، بەغدا وتوویەتی، دەبێت بڕەكەی دیكەی حكومەتی هەرێم بیخاتەسەری بۆ مووچە، چونكە پێشتر و لەسەرەتای ئەمساڵەوە پارەی زیاتر بۆ مووچە بۆ هەرێم نێردراوە و ئێستا ئەو بڕە زیادەیەی لێ‌ دەگەڕێنرێتەوە.

بەغدا بۆچی ئەو پارەیەی بڕی؟

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی نوێنەران ئەو کێشانەی ئاشکرا کرد کە لە لیستەکانی مووچەی چوار مانگی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا هەبوون.

ڕوونیشیکردەوە “بە هۆی ئەو کێشانەوە بڕی ٣٥٢ ملیار و ٤٧٥ ملیۆن دینار لە هەرێم بڕدراوە، ئەمە لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی فیدراڵی داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانە ڕادەست بکاتەوە، کە بەپێی سیستمی بایۆمەتری تۆمارکراون، بەڵام هەندێک لەو ناوانەی ئێستا دەخرێنە لیستی ناوەکانەوە بە ناوی ساختە و دووبارەکراوەوە گۆڕدراون و هەموو مانگێک هەولێر لیستی ناوەکان دەنێرێت جیاوازه له ناوەکانی پێشوو و زیادەی تێدایه و ئەوەش پڕۆسەی وردبینی ئاڵۆز كردووە.”.

لەلایەکی ترەوە، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ بەرچاو ڕوونی هاونیشتمانیان و مووچەخۆران وەك بەڵگە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هۆكار نییە لە دواكەوتنی مووچە ئەمڕۆ 2024/8/27 وەزارەتی دارایی عێراق بری (549) ملیار و (572) ملیون دیناری خستە سەر حسابی وەزارەتی دارایی وئابووری، كە تایبەته به مووچه ی مانگی 8 لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم چاوەرێیی تەمویلی تەواوی مووچەخۆران بو بۆ مانگی تەمموز.

ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی دارایی هەرێم هێشتا لیستی مووچەی مانگی 8(ئاب)ی ڕەوانەی بەغداد نەكردوە چۆن وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی (8)ی نارد كاتێك پرسیاریان لێكرا، وتیان ئێمە لەسەر لیستی مانگی 7 مووچەی مانگی 8 مان بۆ ناردوون.

دەشڵێت: ئەمە باشترین بەڵگەیە، كە بەغداد ئەمەی بەرامبەر هەرێم دەیكات تەواو سیاسی و هیچ بنەمایەكی هونەری و كارگێری و یاسایی نییە لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیان هەبوو لەسەر لیستی مووچەی مانگی 7.

لێرەدا دەپرسین بۆچی مووچەخۆران هێندە بە نائومیدی لەم مووچەیە دەڕوانن؟،هۆکار و کاریگەرییەکانی چین؟، ئایا مووچەخۆران مووچەکانیان وەک ئامرازێک بۆ دابینکردنی پێویستی بەکاردەهێنن، یان بۆ دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی مانگەکانی ڕابردوو؟.

مووچە لە نێوانی چاوەڕوانی خاوەن قەرز و پێشبینی پڕکردنەوەی کەموکورتییەکانی ناو خێزان.

زۆرێک لە مووچەخۆرانی حکومەت ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئەیلوول مووچەی مانگی تەمووزیان وەرگرت، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیوایەک بۆ هاتنی مووچەی مانگی ئاب مووچەخۆران دۆشداماون لەچۆنێتی دابەشکردنی مووچەکانیان، چۆن؟

بەکارهێنانی مووچە بۆ ڕابردوو:

بەپێی بەدواداچوونەکانی “خەڵك”، بەشێک لە مووچەخۆران ئەو مووچەیەی ئەم مانگە وەریانگرتووە بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە بەکاریدەهێنن کە لەماوەی ئەم 60 ڕۆژەدا ژیانیان تێدا گوزەراندووە، بەپێی لێکدانەوەکان کە بۆ مووچەی مووچەخۆرێکمان کردووە، ئەگەر گریمان مووچەی مانگەکەی 750 هەزار دینار بێت، ئەوا مانگانە 375 هەزار دینار دەکات، کە بێگومان ئەمەش بەشی زۆرینەی پێویستییەکان ناکات، هەربۆیە نەک ناتوانێت ئەم مانگە بەباشی بەکاریبهێنێت بەڵکو ناتوانێت کۆی قەرزەکانیشی پێبداتەوە.

مووچە وەک هۆکارێک بۆ پێویستی ئەمڕۆ:

هەر بەپێی ئەو لێکدانەوەیە ئەو برە مووچەیەی بۆ مووچەخۆرێک دەمینێتەوە لەم مانگەدا ناتوانێت پێوسیتییەکانی تاوەکو وەرگرتنەوەی مووچە پێ دابین بکات، ئەمەش بارگرانی بۆ مووچەخۆران دروستکردووە، و وایکردووە مووچەخۆرا لە بەرداشی دانەوەی قەرز و دابینکردنی پێداویستی و سەربەرزی لەناو خێزانەکەیدا بمێنێتەوە.

هەڵگرتنی مووچە بۆ 60 ڕۆژی تر!!!

ئاماژەکان و گفتوگۆی مووچەخۆران دووڕیانێکی بۆ بەکارهێنانی مووچەکانیان دروستکردووە، بەشێک لە مووچەخۆران تیاماون لەوەی ئەم مووچەیە چی لێبکەن؟، لە دووڕیانی دانەوەی قەرزەکان یان خەرجکردنی بۆ دابینکردنی پێداویستی ئەمڕۆ وەستاون!، بەشێکی تریان ئەو خەیاڵە سەری داگیرکردوون کە ئایا مووچەی مانگی ئەیلوول کەی دابەشدەکرێت؟، لە نەبوونی بەرچاوڕوونی بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەو بڕە پارەیەی وەریگرتووە هەندێک پێداویستی سەرەتایی بۆ ئەم مانگە پێ دابین بکات و بەشێکی تریشی هەڵبگرێت بۆ کاتی هاتنەوەی مووچە، کە بە وتەی خۆیان” بەس خوا دەزانێت کەی مووچە دێت”.

هێشتا دیارنییە مووچەی مانگی هەشت کەسی دەگات و چۆن دابەشدەکرێت، بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بێت، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو شاندێکی تری حکومەت بۆ مووچەی مانگی هەشت سەردانی بەغدا بکاتەوە و گرفتەکانی بەردەم نەناردنی مووچە چارەسەر بکەن.

ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش: لە چیای جەبەل بۆر چوار حەشارگەی تیرۆریستان لەناوبران
پێشت ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش: لە چیای جەبەل بۆر چوار حەشارگەی تیرۆریستان لەناوبران
“پێش ناوەڕاستی مانگ مووچەی مانگی هەشت دەگات”
دواتر “پێش ناوەڕاستی مانگ مووچەی مانگی هەشت دەگات”
پەیوەندیدار