گەنجێکی كورد بە ئاڵای کوردستانەوە دەچێتە سەر مانگ



بۆ جاری یەکەم لە مێژووی عێراق و هەرێمی کوردستاندا؛ گەنجێکی خەڵكی زاخۆ بە ئاڵای کوردستانەوە دەچێتە سەر مانگ.

دادڤان عسمەت، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵی زاخۆیە؛ بازرگان و سەرمایەدارە و ئێستا لە شاری دوبەی، لە ئیمارات نیشتەجێیە.

دادڤان عسمەت، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشتر بە ئاڵای کوردستانەوە و لەسەر تێچووی خۆی، چووەتە سەر لوتکەی چیای ئێڤرێست و ساڵی 2025ـیش دەچێتە سەر مانگ.

ئەو گەنجە کوردە باسی لەوەش کرد، بە بەهای زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەک واژۆ کردووە، کە ئیلۆن مەسک، بازرگان و سەرمایەداری ئەمەریکی خاوەندارێتی دەکات، بە ئامانجی ئەوەی ساڵی داهاتوو بیبەنە سەر مانگ.

دەشڵێت: “دەمەوێت ببمە یەکەم کورد و یەکەم دانیشتووی عێراق کە بچێتە سەر مانگ. خولیایی منداڵیمە و دەمەوێت ئاڵای کوردستان لەسەر مانگ بەرز بکەمەوە”.

ئەو گەنجەی زاخۆ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەسەر مانگ دەبێت و ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستی لەگەڵ مۆر کردووە، جلوبەرگ، خواردن، ئاو و هەموو پێدوایستییەکانی دیکەی بۆ دابین دەکات.

ساڵی 1969 بۆ جاری یەکەم مرۆڤ توانی بچێتە سەر مانگ، ئەو کاتی دوو کەس بوون؛ نێلی ئارمسترۆنگ و بۆز ئاڵدرن. لەو کاتەوە تاوەکوو 1972 بە گشتی 12 کەس چوونە سەر مانگ کە هەموویان لەلایەن ناساوە نێردران، دوایین دوو کەس کە چوونە سەر مانگ جێن سێرنان و جاک شمیت بوون.

 

پەرلەمان متمانەی بە کابینەکەی پزیشکیان دا
پێت پەرلەمان متمانەی بە کابینەکەی پزیشکیان دا
مونا قەهوەچی: عێراق مووچەی كردووە بە ئامرازێك بۆ لاوازكردنی هەرێم
دوات مونا قەهوەچی: عێراق مووچەی كردووە بە ئامرازێك بۆ لاوازكردنی هەرێم
پەیوەندیدار