“ئیسرائیل بۆخۆی بەرهەمهێنەری تیرۆرە کەچی وشەی تیرۆر دەداتە پاڵ موسڵمانان”



لە کاتێکدا ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی یادکردنەوەی قوربانییانی تیرۆرە، قوربانییانی دەستی تیرۆر لە فەڵەستین لەماوەی دە مانگی ڕابروودا گەیشتووەتە ١٣٣ هەزار کەس و تا ئێستاش پڕۆسەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوامە.

بانگخواز حاجی کاروان نەجمەدین ئاماژە بەوە دەکات، کە وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەوانە خۆیان بەشدارن لەم تاوانانەی تا ئێستا کراوە، هاوکات چاودێرێکی سیاسیی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئیسرائیل بۆخۆی بەرهەمهێنەری تیرۆرە کەچی وشەی تیرۆر دەداتە پاڵ موسڵمانان.

حاجی کاروان نەجمەدین، بانگخوازی ئاینیی لەبارەی کۆمەڵکوژییەکەی غەززە وتی، ئەوەی کە لە غەززە ڕوودەدات بە بەشداری هەموو جیهانە، لەم کۆمەڵکوژییەدا، نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وڵاتە زلهێزەکان، جیهانی عەرەبی هەموو بەشدارن، هەموو ئەو هێزە سەربازییانەی لەسەر زەوین بەشدارن.

جەختی لەوەکردەوە، ئەگەر کەسێک ئەو هەموو زوڵمە ببینێت کە لە ماوەی ١٠ مانگدا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس شەهید بببێت و کەس دەنگ نەکات، بە تایبەتی هاوزمان و هاودین و دراوسێکانییان، کەواتا بەشدارن، ئەوانەی کە دەسەڵاتییان هەیە و دەسەڵاتیان بەکارناهێنن ئەوانیش بەشدارن.

حاجی کاروان وتیشی، وڵاتانی زلهێزی وەک ئەڵمانیا، ئەمریکا و بەریتانیا ئەوانە خۆیان بەشدارن لەم تاوانانەی تا ئێستا کراوە، بۆیە هیچ بەها و ئەخلاقێک نەماوە لەسەر ئەم زەوییە کە پیرۆزی تێدا بمێنێت، بەڵکو هەمووی پێشێلکراوە، ئەوەی ڕوودەدات دەرخستنی ئەو ڕووەیە کە چەند ساڵە شاراوەتەوە بەناوی مافی مرۆڤ، بۆیە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نەتەوەیەکگرووەکان و دادگای نێودەوڵەتی، هەموو دروشمەکانیان بۆ دیوارهەڵواسینە و هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت، ئەو خوێنەی کە ڕژاوە خوێنی خەڵکێکن لەسەر زەوی خۆیان کە بەرگری لە پیرۆزییەکانیی خۆیان دەکەن، بە دڵنیاییەوە خوای گەورە وەڵامی دەبێت.

لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر بەم دۆخەی لە فەڵەستین دەگوزەرێت، حاجی کاروان وتی، “بە دڵنیاییەوە ئەمە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییە بۆ نەمانی غەززە، دەیانەوێت غەززە لەسەر سێنیەک پێشکەشی ئیسرائیلی بکەن لەبەرامبەر زۆر شتی تر”.

حاجی کاروان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو وڵاتانەی کە دارودەستەی وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا و بەریتانیان بۆ پاراستنی کورسیی و پێگەی خۆیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە

دکتۆر عەبدوڵڵا وەرتی، چاودێری سیاسیی دەڵێت، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە قەوارەی زایۆنی ئیسرائیل پێی هەڵسا لە دژی خەڵکی فەڵەستین و غەززە کە بەدەیان هەزار کەسیان شەهید و بریندار کرد، هەروەها ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتەیان تێکدا، ئەوەی دەرخست کە ئەوان بەرهەمهێنەر و دایکی تیرۆرن، لەبەر ئەوە بەڕاستی ئەوە تانەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی هەموو ئەو زلهێزانەی کە دونیا بەڕێوەدەبەن و بانگەشەی دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ دەکەن، ئەوان بە ناهەق وشەی تیرۆریست دەدەنە پاڵ هەواداران و هەڵگرانی پەیامی ئیسلام و شوێنکەوتووانی ڕێبازی پێغەمبەر (د.خ)، بۆیە ئەوەی ئیستا لە غەززە دەگوزەرێت، بەڕاستی ئەوە تاوانێکی گەورەی نێودەوڵەتییە دژی میللەتێکی ستەم دیدە ئەنجام دەدرێت”.

ئەو چاودێرە سیاسییە ڕەخنە لە وڵاتانی عەرەبی دەگرێت بەوەی دەستەمۆی قەوارەی زایۆنین و بۆیەش ناتوانن هیچ هەنگاوێک بنێن و لەمبارەیەوە، “هەر وڵاتێکیش کە هەڵوێستی هەبێت ئەوا ڕاستەوخۆ دەیخەنە چوارچێوەی ئامانجێکی دیاریکراوی خۆیان و لە داهاتوودا هەوڵی ڕووخاندنی دەدەن”.

وتیشی، بەداخەوە ئێستا جەنگێک بەرپابووە لە ناوچەکە کە بەڕاستی دەروونی هەموو موسڵمانێک دەسووتێنێت، ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستییە ماییەی شەرمەزارییە، پێویستە ئەوانەی خاوەن ویژدانن لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لۆبییەک دروست بکەن لە هەموو وڵاتان بۆ ئەوەی قەوارەی زایۆنی وەک دڕندەیەک لە هەموو دونیا بناسێنن.

حەق نیە ئێوەش شۆک ببن؟!
پێت حەق نیە ئێوەش شۆک ببن؟!
سۆران عومەر: وەزارەتی دارایی بە یەک وشەش باسی کێشە گەورەکەی لیستی مووچەی نەکردووە
دوات سۆران عومەر: وەزارەتی دارایی بە یەک وشەش باسی کێشە گەورەکەی لیستی مووچەی نەکردووە
پەیوەندیدار