پێنج جۆری نوێی جاڵجاڵۆكە لە کوردستان دۆزرایەوە



زانکۆی سلێمانی دۆزینەوەی پێنج جۆری نوێی جاڵجاڵۆکەی لەلایەن مامۆستایەکیانەوە ڕاگەیاند و دەڵێت”ناوی کوردییان لێ نراوە”.

پێگەی فەرمی زانکۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی جیهان، پێنج جۆری نوێی گیانداری جاڵجاڵۆكە لەلایەن مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانییەوە، لەهەرێمی كوردستان دۆزرانەوە و وەكو جۆری نوێ (سپیشیزی نوێ) لە زانستدا ناسێنران، وەک ڕێکارێکی زانستیش لە پێگەی zoobank.org کۆدی تایبەتییان پێدراو لە هەموو جیهانیشدا بەو ناوە کوردییانە ناویان ئەهێنرێت.
(فەرهاد ئەحمەد خدر) پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی بایۆلۆجی كۆلێژی زانست لە زانكۆی سلێمانی بە”سایتی زانكۆ”ی ڕاگەیاندووە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پێنج جۆری نوێی گیانداری جاڵجاڵۆكەی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش سلێمانی‌ و دەوروبەری دۆزیوەتەوە.

وتیشی: “دواتر لە كارێكی هاوبەشی نێوان زانكۆی سلێمانی‌ و زانكۆی مەندڵ لە كۆماری چیك‌ و زانكۆی Altai لە ڕوسیا و بەسەرپەرشتی (د. عەلی ڕەزا زەمانی) لە زانكۆی Turku لەفنلەندا، بابەتەكانی ئەم دۆزینەوە زانستییەی لە جۆڕناڵی بەئیمپاكت فاكتەری نیودەوڵەتی (ZOOTAXA) بڵاوكردۆتەوە”.

ڕاشیگەیاند: ناوە زانستییەكانی ئەم جۆرانە بەناوی كوردستان‌ و گەرمیان‌ و سۆران‌ و گۆیژە و هەزارمێردەوە ناونراون، كە بریتین لە دیسدرا كوردستانیكە (Dysdera kurdistanica)، دیسدرا گۆیژە (Dysdera goyzha)، پەڵپیمانەس گەرمیانەس (Palpimanus garmiyanus)، تیجیناریا سۆرانی (Tegenaria sorani)، زیلۆتس هەزارمێردێنسیس (Zelotes hazarmerdensis).

بەپێ سەرچاوە زانستییەکان، لە جیهاندا پتر لە ٥۱٦۰۰ جۆری جاڵجاڵۆکە هەیە. ناوبەناو لە هەندێ لە وڵاتانی جیهانیش جۆری نوێ ئەدۆزرێنەوە، ئەم جۆرە نوێیانەی کوردستانیش بۆ ژمارە جیهانییەکە زیاد ئەکرێت.
جێگەی باسە، كە لە گەڕانەکانیدا بەناو سروشتی چەند ناوچەیەکدا ٧٤ نموونەی جاڵجاڵۆکە كۆكرانەوە کە تەنیا ئەم پێنج جۆرەیان Species نوێبوون، سەرباری ئەمەش چەندین نموونەی توخم و جۆری تریان وەكو ڕیكۆردی نوێ خرایە لیستی فاونای گیاندارانی عێراق‌ و كوردستانەوە.

ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری لەسەر دەروونمان چییە؟
پێت ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری لەسەر دەروونمان چییە؟
لەبارەی دواکەوتنی مووچە یەکگرتوو هۆشداریدا
دوات لەبارەی دواکەوتنی مووچە یەکگرتوو هۆشداریدا
پەیوەندیدار