بەرهەمهێنانی خوێ لە ئاوی کانیاو لە گوندێکی ناحیەی سەنگاو



کاتی بەرهەمهێنانی خوێ پەیوەستە بە کاتەکانی باران بارینەوە، واتا کاتی کۆتایی هاتنی باران بارین بۆ دەستپێکردنەوەی، لە مانگەکانی هاوین و پاییزدا خوێ بەرهەمدەهێندرێت.

بەرهەمهێنانی خوێ یەکێکە لە سەختترین کارەکانی مرۆڤ کە بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر بەرهەم دێت.

خوێ لەو ئاوانە بەرهەمدێت کە ڕێژەی خوێ تیایاندا زۆرە و بەکەڵکی خواردنەوە نایەن، گوندی خوێڵێن لە ناوچەی گەرمیان سەربە ناحیە سەنگاو لە قەزای چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی، یەکێکە لەو شوێنانەی کانیاوی گوندەکە سوێرە و گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی خوێیەکی نایاب، کە بووەتە سەرچاوەی بژێوی بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە.

کاتێک بە ناوچەی بەرهەمهێنانی خوێدا تێدەپەڕیت چەندین حەوزی ناوازە و جوان بەدی دەکەیت کە تیایاندا خوێ بەرهەمدەهێندرێت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی خوێدا حەوزەکان پاکدەکرێنەوە و بە گڵاوکوت (ئەو ئامێرەی زەوی پێی دەکوتنەوە) دەکوترێنەوە و ئامادەی دەکرێن بۆ بەرهەمهێنانی خوێ. پاشان ئاوی کانیاوەکەی تێدەکرێت و بۆ ماوەیەک لێیدەگەڕێن تا خوێیەکە بەرهەمدێت.

سامانی خوێ لە ناوچەکەدا سامانێکی سروشتییە و بووەتە سەرچاوەی بژێوی بەشێک لە هاووڵاتیان و، خوێیەکەشی بەهۆی تایبەتمەندییە ناوازەکەیەوە خواستێکی زۆری لەسەرە.

کاتی بەرهەمهێنانی خوێ پەیوەستە بە کاتەکانی باران بارینەوە، واتا کاتی کۆتایی هاتنی باران بارین بۆ دەستپێکردنەوەی، لە مانگەکانی هاوین و پاییزدا خوێ بەرهەمدەهێندرێت.

لەم ناوچەیەدا دوو جۆر خوێ بەرهەمدەهێندرێت و پێیان دەگوترێت خوێی سەرکەف کە بەشی سەرەوەی خوێیەکەیە و بۆ خواردن بەکاردەهێندرەت، لەگەڵ خوێی بۆر کە خوێی بنەوەیە و بۆ ئاژەڵ بەکاردێت.

پێشکەوت سەعدون، ٤٢ ساڵ کە ساڵانێکە کاری بەرهەمهێنانی خوێیە لە ناوچەکەدا دەكات، هەم خاوەن پشکە هەمیش خۆی و کوڕەکەی بەناوی مەڕوان (١٨ ساڵ) کار دەکەن لە بەرهەمهێنانیدا.

سەبارەت بە کاری بەرهەمهێنانی خوێ پێشکەوت ڕایگەیاند، “ئێمە بەهاران دێینە سەر حەوزەکان و، حەوز بە حەوز ئاوەکەی دەردەدەین و وشکی دەکەینەوە، پاشان دەیکوتینەوە. گڵاوکوتی خۆمان هەیە کە دارێکە حەوزەکەی پێ دەکوتین، هەر کە حەوزەکە ووشک بووەوە دووبارە بە ماتۆڕ ئاو دەکەینەوە سەری، لێیدەگەڕێین ئەگەری کەمی کرد ئاوی دیکە دەکەینە سەر، ئەگەر کەمیش نەکات تا ماوەیەکی زۆر لێیدەگەڕێین تا خوێکە بەرهەمدێت”.

دەستپێکی کاری بەرهەمهێنانی خوێ بەندە بە کاتی باران بارینەوە، کە هەر کات باران بارین کۆتایی هات دەست بە بەرهەمهێنانی خوێ دەکرێت، لەو بارەیەوە پێشکەوت باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ ٢٦ی حوزەیران دەستیان بە کاری کردووە، بەڵام ساڵی ڕابردوو لە دووی حوزەیران دەستیان پپێ کردووە.

 

سەبارەت بە جۆرەکانی خوێ کە بەرهەمی دەهێنن، پێشکەوت وتی، “دوو جۆر خوێمان هەیە، خوێی سەرکەف و خوێیەکی بۆرمان هەیە، سەرکەفەکە بەکاردێت بۆ ماڵان و خواستێکی زۆری لەسەرە، جۆرەکەی دیکەش خوێ بۆرە کە ئەویش خواستێکی زۆری لەسەرە، خەڵکی گوندەکان بۆ مەڕوماڵان بەکاریدەهێنن”.

پێشکەوت باسی لەوە کرد کە ڕۆژانە ٨-١٠ کرێکار لە حەوزەکانی بەرهەمهێنانی خوێدا کاردەکەن و وتی، “بەیانیان کاتژمێر شەش دێینە سەر کار، تا کاتژمێر هەشت کار دەکەین بۆ نان خواردن پشوویەک وەردەگرین، پاشان دەستبەکار دەکەینەوە بۆ کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ، پشوویەک وەردەگرین وەک هەموو ئیش و کارێک، دواتر دووبارە دەستبەکار دەکەینەوە بۆ کاتژمێر ١٧:٣٠ ئێوارە”.

وتیشی، “خوێیەکەمان خواستێکی زۆری لەسەرە، خەڵکی مانگێک بۆ مانگ و نیوێک سەرەدەگرن بۆ کڕینی، ئەویش ئەگەر ١٥-٢٠ کیسەیەکی بەربکەوێت، خوێ بۆرەکەش هەر وایە سەرفیاتی زۆرە. بەس خوێیەکەمان کەمە، خوێیەکەمان ئاوی شیریناوی تێدایە، هەرچەند هەوڵ دەدەین ئەو ئاوە شیریناوە جیانابێتەوە”.

پێشکەوت ئەوەیشی خستەڕوو کە دوای گواستنەوەی ئاوی کانیاوەکە بۆ ئەو ئەستێرە گەورانە، تا زیاتر لەوێدا بهێلدرێنەوە شیرینی ئاوەکەی لێ جیادەبێتەوە و وتی: “دوای ١٠ ڕۆژێک یان هەفتەیەک ئەگەر ئەم حەوزانەی ئاویان کەم بێت ئاویان تێدەکەینەوە و دەیهێڵینەوە تا ئەوکاتەی دەمەیێت، پاش دەرکردنی خوێی حەوزەکە، دووبارە پڕی دەکەینەوە لە ئاو و پێیدەچێت ١٥-٢٠ شەوێکی پێدەچێت تا ئەیوش دەبێتە خوێ”.

پێشکەوت باسی لە پیشەکە کرد کە لە کۆنەوە باوباپیرانیشی سەرقاڵی ئەم کارەبوون و چەند نەوەیەکی بەڕێکردووە. تا ئێستا بەم شێوەیە هاتووە و کاری تێدا دەکەن و وتی: “دوای ئێمەش نەوەکانمان بەردەوام دەبن لەسەری ئەم کارە، نازانم چەند ساڵە هەیە، تەمەنێکی زۆرە ئەم پیشەیە هەیە لێرە، بە دڵنیایی نازانین چەند ساڵە لەم حەوزانەدا کار دەکرێت”.

سەبارەت بە پلەکانی گەرمای ناوچەکە پێشکەوت وتی: ”ئەگەر پلەکانی گەرما لە دەرەوەی شار ٤٠ پلەی سەدی بێت، لێرە ٤٥ پلەیە. هەمیشە پێنج پلەیەک جیاوازی هەیە. پلەی گەرما لەم حەوزانەدا جیاوازە، کۆکردنەوەی خوێی ناو حەوزەکان بە بەیانیاندا باشترە، چونکە کەمێ فێنکترە، بەڵام بە دوانیوەڕواندا زۆر گەرمە، کە پێش نیوەڕوان دەستبەردەدەین بۆ ئەوەی دەمەو ئێوارە خوێی حەوزەکان هەڵگرینەوە دەچین ئەو ئاوەی دەشڵەقێنین، بۆ ئەوەی فێنک ببێت”.

 

 

هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ئومێد شەفیق (٤٨ ساڵ) ناسراو بە ئومێدی خوێ، وەک خۆی باسی دەکات لە ساڵانی نەوەدەکانەوە کار و پیشەی خوێ دەکات. سەرەتا وەک کرێکار کاری کردووە و پاشان بووەتە هاوبەش لە بەرهەمهێناندا.

سەبارەت بە فرۆشی خوێیەکەیان ئومێد کە خۆی دەڵێت دوو لەسەر سێی تەمەنی لە پیشەی خوێدا بەسەر بردووە و خوێ بەسەر شارەکاندا دابەش دەکات، ڕایگەیاند، “ئەم خوێیە دەگاتە گوند و شارەکان، بەڵام وەک ساڵان نییە ئێستا خەڵک خۆی دێت بۆ ئێرە دەیبات لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ئێمە دەڕۆین فریای دێهاتەکان ناکەوین، تا دەچینە دووکانەکان خۆیان تەلەفۆن دەکەن، خواستێکی زۆری لەسەرە. خوێیەی ئێستا وەک ساڵان نییە بمێنێتەوە، خوێیەکەی سەرفیاتی زۆرە، هەم سەرکەفەکەی هەم خوێ بۆرەکەی بۆ مەڕوماڵات”.

وتیشی: “بەرهەمی خوێ کەمی کردووە، جاران لە ساڵانی نەوەدەکان تا ٢٠١٥ و ٢٠١٦ هەزار تۆن بەرهەم دەهات، بەڵام ئێستا ٣٠٠ تۆن و ئەو ناوەیە بە هەموویەوە لە سەرەتاوە تا کۆتایی، زیاتر نییە”.

ئومێد باسی لەوە کرد کە کارەکەیان پەیوەستە بە کاتی باران بارینەوە، ئەگەر باران نەبێت تا مانگی ١١ و ١٢ ئیش دەکەن، ئەگەر بارانیش هەبێت زووتر دەستهەڵدەگرن، چونکە کە باران ڵێیدا کۆتایی دێت.

 

ئێران هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان لە تۆڵەی ئیسڕائیل ڕەتدەكاتەوە
پێت ئێران هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان لە تۆڵەی ئیسڕائیل ڕەتدەكاتەوە
بایكۆتی فەرمانبەران دەستی پێكردەوە
دوات بایكۆتی فەرمانبەران دەستی پێكردەوە
پەیوەندیدار