مەزەندە دەکرێت لە “دزیی سەدە”دا نزیکەی 11 ترلیۆن دینار دزرابێت



توێژەرێکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەو بڕوایەدایە کە ئەو پارەیەی لە دۆسیەی “دزیی سەدە”دا دزرابێت بگاتە نزیکەی 11 ترلیۆن دینار و ئەوانەش کە تۆمەتبارکراون، تەنها بەکارهێنرابن و تا ئێستا دزە ڕاستەقینەکە بەنادیاریی ماوەتەوە.

غالب دەعمی، توێژەر لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاند، دۆسیەی پارە دزراوەکانی باج زۆر ئاڵۆز و بەیەکداچووە، بەشە شاراوەکەی زۆر زیاترە لەوەی تا ئێستا ئاشکرا بووە.

دەعمی لەو بڕوایەدابوو کە کۆی گشتی پارە دزراوەکانی دۆسیەکە بگاتە 11 ترلیۆن دینار کە نزیکەی هەشت ملیار دۆلار دەکات، وتیشی: “بەداخەوە زۆربەی پارەکە براوەتە دەرەوەی عێراق”.

ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا نزیکەی 600 ملیار دیناری پارەکە گەڕێندراوەتەوە و نۆ کەسیش تۆمەتباری سەرەکین لە دۆسیەکەدا، بەڵام زۆربەیان لەلایەن دزە ڕاستەقینەکەوە بەکارهێنراون کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە و وا دەردەکەوێت دەسەڵاتی پێویستی هەبێت بۆ خۆدزینەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە کۆنفڕانسێکی ڕؤژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، قاسم محەمەد بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی کۆمپانیای “حوتل ئەحدەب”یان لە هەرێمی کوردستانەوە گاڕاندەوە دوای ئەوەی هەڵاتبوو بۆ تورکیا.

ڕوونیشیکردەوە کە محەمەد قاسم لە دۆسیەی دزیی سەدەدا تۆمەتبارە بە دزینی 988 ملیار دینار.

ڕاشیگەیاند، تۆمەتبارێکی دیکەیان بە ناوی محەمەد فەلاح جەنابی، دەستگیرکرد کە بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی کۆمپانیای ئەلقانت بووە و ئەویش لە دزینی زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار لە ڕێگەی 79 قەواڵەی ساختەوە تێوەگلاوە.

ئەوەی تا ئێستا بە فەرمی ڕاگەیەندراوە، لە دزیی سەدەد بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارلە داهاتی باجی عێراق دزراوە و تاوانەکەش لە مانگی ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی ساڵی 2022 ئەنجام دراوە.

 

75 کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا دەستگیرکران
پێت 75 کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا دەستگیرکران
ڕووسیا هەڕەشە لە یوتیوب دەکات
دوات ڕووسیا هەڕەشە لە یوتیوب دەکات
پەیوەندیدار