ئیسرائیل، لە ئیخمانەوە تا ئیسماعیل



ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد – نووسەر

ئەگەر ئیسرائیل وەک مرۆڤ و وەک تاکێک کە لێپرسراوێتی مەکتەبی سیاسی حەماسی لە ئەستۆ بووە لەدوای ئیسماعیل هەنییە بووبێت و کوشتبێتی، ئەوا توانی ئامانجەکەی بپێکێت، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل واوێنای ڕووداوەکە بکات کە کوشتنی هەنییە مانای کۆتایی قەزییەی فەلەستین بێت، ئەوا نەک ناتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێت بەڵکو بە چەندان هێرشی دیکەی لەم شێوەیە و کوژرانی چەندان سەرکردەی دیکەی حەماس ناتوانێت ئەوە بکات.

ئەوەی لە خودی کردەوەکە گرنگتر و جێبایەخترە، پرسیارە لەسەر وردێتی نەخشەی کوشتنەکە، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لەناو تەهراندا لەلایەن موساد و ئیسرائیلەوە، وێنەی (ئەدۆڵف ئیخمان)ی سەرکردەی نازییەکانی بیرهێنامەوە کە دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی نازییەکاندا لەساڵی ١٩٤٢ بڕیار لە قڕکردنی جولەکەکان دەدات و هەڵدێت بۆ ئەرژەنتین، چۆن مۆساد توانی لەو وڵاتەوە و لەساڵی ١٩٥٧ بیڕفێنێت بۆ ئیسرائیل و ساڵی ١٩٦٢ لەوێ لەسێدارەی بدات؟ کە تائێستاش کەس نازانێت شێوازی بردنە دەرەوەکەی لە ئەرژەنتینەوە بح ئیسرائیل چۆن بووە!

ئەم دوو وێنەیە تەواوکەری یەکترن با زەمەن، شوێن و کارەکتەرەکانیشی جودابن، لە ئیخمانەوە تا ئیسماعیل، هەردووکیان کوشتەی دەستی یەک پرۆژەن، هەردووکیان بەیەک دەرد چوون، هەردووکیانیش بۆ ئیسرائیل یەک نەیارە، ئیخمان کارەساتی ١٩٤٢ی بەرهەمهێناوە، ئیسماعیلیش ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبەر، ئەم دوو وێنەیە بەلای ئیسرائیلەوە هیچ جیاوازی نییە لە ناوەڕۆکدا، ئەوەی هەیە کەمێک پاش و پێشی زەمەنە و هیچیتر.

ئیشکردنی مۆساد ئیشکردنە لەسەر پرسێکی جوڵاوی جێگیرنەبوو لە هەناوی زۆرێکی سیستم و دەوڵەتە گەورەکانی ناوچەکەدا، هیچ کاتێکیش هێندەی ئیستا مۆساد ئاگای لە وردەکاری ڕووداوەکانی ناوچەکە نەبووە، ئەم ئیشکردنەی مۆساد ئەوەندەی تەواوکاری نەخشەیەکی دەوڵەتسازییە، ئەوەندە ترس نییە لە نەیارەکان، لە شێوازی لەناوبردنی ئیخمان و ئیسماعیلدا، ئەوەی وادەکات موساد بچێتە دڵی دەوڵەتەکان و پیلانەکانی جێبەجێبکات ئەوەیە هەموو لایەک زلهێزی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک هەم لە خۆرهەڵات و هەم وەک دیپلۆماسییەتێکی یونیڤێرساڵی قبوڵبکات.

ئەگەر وردتر لە نەخشەسازییەکانی دەزگای زانیاری ئیسرائیل بڕوانین، هیچ وڵاتێک هێندەی ئیسرائیل پێداگرنییە لەسەر لەناوبردنی نەیارەکانی بەشێوەی نامۆ و نەکردە!

ئەوە پەیامە، پەیام بەمانای چەندە زوو دەستیان بگاتە نەیارەکانیان، واتا ئەوەندە ورد و چڕ ڕەگیان داکوتیووە لە وڵاتاندا و ناکرێت هیچ پەلاماردانێک بەرامبەریان بەبێ وەڵام کۆتایی بێت، لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە لە غەزەوە بۆ مەجدال شەمس و بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، هەڵگری ئەو مانایەیە کە ڕەنگە دوێنێ تا سەعات دووی سبەینانێ ‘ئاسمان بەدەست ئیسرائیلەوە بووبێت’

غەسان شەربل لە کتێبی (سەدام بە ئێرەدا تێپەڕی) دیدار لەگەڵ ‘عومەر ئەلعەلی’ دەکات و دەیگێڕێتەوە “گەنجێکی عێراقی لە هێڵی فڕۆکەوانی دەبێت، دوای ئەوەی دەچێتە لەندەن و شەو لە یانەیەک هەموو پارەکەی لە قوماردا دەدۆڕێنێت، بەکزۆڵییەوە لەبەردەم دەرگای یانەکەدا دادەنیشێت، گەنجێکی قژزەرد دێت و ئامادەیە هاوکاری گەنجە عیراقییەکە بکات بەو مەرجەی بچێتەوە عیراق و کار بۆ مۆساد بکات، گەنجە عیراقییەکە دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر ئیش بۆ مۆساد دەکات، دواجار وازدەهێنێت لەو کارە، ڕۆژێک دەچێتە دوکانی کۆڵانەکەیان بۆ شت کڕین، لە ڕێگا تاکسییەک دەوەستێ، واخۆی نیشاندەدات ناشارەزایە و ناونیشانی (بابولشەرقی)ی لێدەپرسێت، گەنجەکە لە کوشنی پێشەوە سواری تاکسییەکە دەبێت بۆ گەیاندنی بەو جێگا، بەڵام لەناو تاکسییەکەوە کچێکی قژزەرد دەمانچە دەخاتەسەر سەری گەنجە عێراقییەکە و دەڵێت: ئێمە چاک شارەزاین، بەڵام تۆ نەتزانی لەکێ خۆت ون دەکەیت و پێویستە بەردەوام بیت و……..هتد”

عومەر ئەلعەلی دەڵێت: لەو چیرۆکەوە زانیم دەزگاکانی ئێمە بە دەستی ئیستیخبارەتی دەرەکی تەنراوە، ئەوەی لەم چیرۆکانەوە بۆمان جێدەمێنێت، سیاسەت و هەواڵگری و قوربانیدانە لەپێناو پرسی نەتەوە و نیشتمان، هەرئەوەش وایکردووە لە دوای ساڵی ١٩٤٨ەوە ئیسرائیل ئەوەندە لێزانانە کاربکات، ئیسرائیلییەکان بڵێن “ئێمە دەزانین سەرۆکی وڵاتان لەسەر کام لایەیان دەخەون”

تەندروستی سلێمانی هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات
پێت تەندروستی سلێمانی هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات
بەربووین، بەربووین!
دوات بەربووین، بەربووین!
پەیوەندیدار