بارزانی: پێویستە ئەو دۆخەی بەسەر شنگالدا سەپێنراوە کۆتایی بێت



سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای جێبەجێکردنی ڕێكکەوتننامەی شنگال و کۆتاییهێنان بەو دۆخە دەکات کە “10 ساڵە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە”.

ئەمڕۆ شەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لە دەیەمین ساڵیادی جینۆسادیکردنی ئێزدییەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، جینۆسایدی شنگال و، ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش 10 ساڵ بەر لە ئێستا دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا برینێكە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان. ئەو تاوانە هاوشێوە و درێژەكراوەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانەیە كە بە درێژایی مێژوو بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە. خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و دڕندەیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.

بارزانی دەڵێت: لە دەیەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، سڵاو بۆ گیانی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەنێرین كە بۆ شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.

لە پەیامەکەی مەسعود بارزانیدا هاتووە: “لەو یادە دڵتەزێنەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە بەهەموو توانایەك پاڵپشتی ماف و داواكاریی خوشك و برا ئێزیدییەكان و دانیشتوانی دەڤەری شنگالین. پێویستە ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی 10 ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە كۆتایی بێت. پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكار بهێنن و دەبێ ڕێگە بدرێت خوشك و برا ئێزیدیەكانمان لە شنگال بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین”.

بافڵ تاڵەبانی: بە دڵتەنگییەكی قووڵەوە یادی گیان لەدەستدانی ئێزیدییەکان دەکەینەوە
پێت بافڵ تاڵەبانی: بە دڵتەنگییەكی قووڵەوە یادی گیان لەدەستدانی ئێزیدییەکان دەکەینەوە
نێچیرڤان بارزانی: هێشتا جینۆسایدی ئێزیدییەکان برینێکی کراوەیە
دوات نێچیرڤان بارزانی: هێشتا جینۆسایدی ئێزیدییەکان برینێکی کراوەیە
پەیوەندیدار