خانووە زیادەڕۆكانی 7 گوندی دیكەی دەورووبەری سلێمانی تاپۆ دەكرێن



سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان ڕایدەگەیەنێت، پاش تەواوكردنی ڕێكارەكانی تاپۆكردنی چەند گوندێكی سلێمانی، دەست بە تاپۆكردنی خانووەكانی 7 گوندی دیكە دەكرێت و دەشڵێت: زۆرینەی هەرە زۆری ئەو خانووانە بە رێژەی 5%ی بەهای زەویی ژێر خانووەکە تاپۆ دەکرێت.

یاساناس، دیلمان لەتیف، سەرۆكی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پاش ئەوەی رێکارەکانی تاپۆکردنی باوەگێڵدی و سەردارئاوا و دارتووی نەزەر و کەنەکەوەی خان تەواوبوون و خەریکە تاپۆکردنی مەلاداودیش بەرەو کۆتایی دەڕوات، ئێستا تاپۆکردنی 7 گوندی دیكەش لە هەفتەی داهاتووەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەپێی یاسای (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٩)ی هەموارکراو.

سەبارەت بە ناوی گوندەكان ئاشكرای كرد، تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكانی “کۆڵەبی، داربەڕووڵە، کانی پان، کانی سەفەر، کەڵەوانان، جێشانە، باڵچوخ) دەستپێدەكات، بۆیە ئەو كەسانەی لە ماوەی یاساییدا داواکارییان پێشکەش بە پارێزگای سلێمانی کردووە با كۆپی (کارتی نیشتمانی) یان (رەگەزنامە و پێناس)ی خۆیان و هاوسەریان لە ماڵەوە ئامادەبکەن و چاوەڕوانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لیژنە لاوەکییەکانمان بکەن.

ڕوونیشی كردەوە، هاووڵاتیان ئەگەر ئەو ژمارە مۆبایلەكانیان گۆڕیوە کە کاتی خۆی لەسەر داواکارییەکە نووسیوتانە ئەوا سەردانی لیژنەی لاوەکیی سەر بە شارەوانییەکەیان بکەن بۆ دانانی ژمارەی نوێی مۆبایلەکەیان.

سەبارەت بە نرخی تاپۆكردن وتی، “زۆرینەی هەرە زۆری ئەو خانووانە بە ڕێژەی 5%ی بەهای زەویی ژێر خانووەکە تاپۆ دەکرێت، واتە ئێمە بەهای بینای خانووەکە ئەژمارناکەین”.

جەختیشی كردەوە، یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردن ئەوەیە، کە داواکار خاوەنی بینای خانووەکە بێت، بۆیە ئەگەر کەسێک لە پاش داواکاریکردن خانووەکەی فرۆشتبێ و لەکاتی سەردانی لیژنە لاوەکییەکانماندا کڕیارەکە لە خانووەکەدا بێت ئەوا تاپۆکردنی خانووەکە ڕەت دەکرێتەوە، بۆیە مامەڵە بەو خانووانەوە مەکەن هەتا تاپۆ دەکرێت بەناوتانەوە.

 

سەرۆکایەتی هەرێم: به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانين
پێت سەرۆکایەتی هەرێم: به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانين
كاتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەنرا
دوات كاتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەنرا
پەیوەندیدار