تەرمی “هەنییە” دەبرێتە دەوحە و تارانیش هەڕەشە دەکات



بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە ١/٨/٢٠٢٤ تەرمی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمی و جەماوەریدا لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەدەچێت، بەر لەوەی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە بگوازرێتەوە بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر.

 

بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە مزگەوتی ئیمام محمد بن عەبدولوەهاب لە دەوحەی پایتەخت نوێژی مردوو، لەسەر تەرمی هەنییە ئەنجام دەدرێت، دوای نوێژی هەینی، لە لوسەیل بە خاک دەسپێردرێت.

 

بزووتنەوەی حەماس بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند؛ ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری بزووتنەوەکە لە “هەڵمەتێکی خیانەتکارانەی زایۆنیستەکان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە تاران” دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کوژراوە.

 

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند؛ کە “شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە لە تاران کراوەتە ئامانج و خۆیی و یەکێک لە پاسەوانەکانی گیانیان لەدەستداوە”.

 

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژەدان بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری بزووتنەوەی حەماس لە تاران، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکاریی زیاتر بکات، لە بەیاننامەکەیدا وتی: ئێران “بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی، کەرامەت، شەرەف و سەربەرزی خۆی دەکات و وا لە داگیرکەران دەکات پەشیمان ببنەوە لە کردەوە ترسنۆکانەکانی خۆیان”.

 

ئیسماعیل هەنییەی تەمەن (٦٢ ساڵ) لە ساڵی ٢٠١٧ دوای خالد مەشعەل، بە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس هەڵبژێردرا.

 

هاوکات، “مەحمود عەباس” سەرۆک کۆماری فەلەستین ڕۆژی چوارشەممە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری بزووتنەوەی حەماسی بە “کارێکی ترسنۆکانە” وەسف کرد و داوای لە فەلەستینییەکان کرد دژی ئیسرائیل یەکبگرن.

 

لە بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتیدا هاتووە: “سەرۆکی دەوڵەتی فەلەستین، مەحمود عەباس، بە توندی ئیدانەی تیرۆرکردنی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنییە، دەکات و بە کارێکی ترسنۆکانە و پێشهاتێکی مەترسیداری لە قەڵەمدا”. عەباس داوای لە “جەماوەر و هێزەکانی گەلی فەلەستین کرد یەکڕیز و خۆڕاگر، لە بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیلدا بووەستن”.

ئێران سێ ڕۆژ ماتەمینی بۆ هەنییە ڕاگەیاند و هەڕەشەش لە ئیسرائیل دەکات
پێت ئێران سێ ڕۆژ ماتەمینی بۆ هەنییە ڕاگەیاند و هەڕەشەش لە ئیسرائیل دەکات
عێراق ڕێکاری یاسایی لە دژی هاوپەیمانان دەگرێتەبەر
دوات عێراق ڕێکاری یاسایی لە دژی هاوپەیمانان دەگرێتەبەر
پەیوەندیدار