نانەواخانەکان نیگەرانن لە بڕیاری بەکارهێنانی زەرفی کاغەز



لە سلێمانی بە بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی بەكارهێنانی زەرفی كاغەز لە سەمونخانە و نانەواخانەكاندا شوێنی زەرفی نایلۆن دەگەرێتەوە، بەشێک لە نانەواخانەکانیش ناڕازین و دەڵێن، “نرخەکەی گرانە”.

بۆ جاری دووهەم وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە بەکارهێنانی زەرفی کاغەز لەبری زەرفی نایلۆن لە نانەواخانە و سەموونخانەکاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2019 بە ژمارە 12915 وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە نووسراوێکی فەرمی بڕیایدا، زەرفی نایلۆن قەدەغە بکرێت و لەبری ئەوەش زه‌رفی کاغەز  بەکاربهێنرێت.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، لەپێناوی پاراستنی تەندروستی گشتی قائیمقامیەتی سلێمانی ساڵی 2019 بڕیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زەرفی نایلۆنی لە نانەواخانە و سەمونخانەکان دا، بەڵام بەهۆی هاوکاری نەکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرکەوتوو نەبووین لەدرێژەدان بەجێبەجێکردنی بڕیارەکە.

ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا بە فەرمی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی بۆ قەدەغەکردنی زەرفی نایلۆ لە نانەواو سەمونخانەکاندا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، نەگەیشتووە بە قائیمقامیەتی سلێمانی، هەرکاتێک گەیشت پاڵپشتی تەواوی دەکەین.

دانیار ئومێد، نانەواچی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، “ئێمە ناڕازین لەو بڕیارە، چونکە زەرفی نایلۆن نرخەکەی گرانە، لە ماوەی ڕابردووشدا جارێکی دیکە ئەو بڕیارە هەبوو، بەڵام لەبەر ئەو هۆکارە جێبەجێنەکرا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە ڕۆژێکدا کیلۆیەک بۆ دوو کیلۆ زەرفی نایلۆن بەکاردەهێنین، کە نرخی هەر کیلۆیەک ٢٥٠٠ دینارە، بەڵام زەرفی کاغەز نرخەکەی ٥٠٠٠ دینارە، ئەمەش دوو بەرامبەرە، لەگەڵ ئەوەشدا زەرفی کاغەز یەکجار بەکاردەهێنرێت و دواتر فڕی دەدرێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک، کەیوان خەلیل، نوێنەری کوالیتی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان لە وەزارەتی تەندروستییەوە پێنەگەیشتووە بۆ قەدەغەکردنی زەرفی نایلۆن، بەڵام ئێمە لەسەر بنەمای زانستی ڕێکارەکانمان ئەنجامدەدەین.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێوەیەکی گشتی ماددە پلاستیکییەکان حەوت جۆر لەخۆدەگرێت، ئەو ماددە پلاستیکییانەی کە لەناو بازاڕەکاندا هەیە گومانی لێدەکرێت کە ماددەی دووبارە بەکارهاتووەوە بێت و زەرفی نایلۆنیش یەکێکە لەو ماددانە.

ڕوویکردەوە، زەرفی نایلۆن کە لە نانەواخانە، سەموونخانە و چێشتخانەکاندا بەکاردەهێنرێت، خواردنی گەرمی وەک سەموون، نان، برنج و شلەی بە شێوەی سەفەری تێدەکرێت، بەهۆیەوە ماددەی کیمیایی زیانبەخش دەگوازرێتەوە بۆ خواردنەکە، کە هەرس نابێت و لە درێژخایەندا گرفتی تەندروستی دەکات، بۆیە وەک قائیمقامیەت پێشنیاری بەکارهێنانی ماددەی سیلیلۆزی دەکەین.

ناڕەزایەتی بەشێک لە نانەواخانەکان لە کاتێكدایە، کە ژمارەیەک لە سەمونخانە و نانەواخانە بڕیارەکەیان جێبەجێ کردووە و زەرفی کاغەز بەکاردەهێنن.

ئاری ئازاد، هاووڵاتییەکی شاری سلێمانییە و دەڵێت، لەگەڵ ئەوەداین کە زەرفی کاغەز لە نانەواخانە و سەموونخانەکان بەکاربهێنرێت، چونکە زۆر جار کاتێک بە گەرمی سەموون یان نانەکەی تێدەکەیت نایلۆنەکە گەرم دەبێت و دەتوێتەوە.

دانیار ئومێد، نانەواچی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر نرخی زەرفی کاغەزەکە هەرزانتر بێت، بەکارهێنانی بۆ ئێمەش باشترە و بۆ هاووڵاتییانیش تەندروستترە.

قائیمقامی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەوەی بڕیارەکە سەرکەوتووبێت و لەلایەن دوکاندارەکانەوە جێبەجێ بکرێت، پێویستی بە گرتنە بەری ڕێکاری ئاسانکاری هەیە کە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە بگیرێتەبەر بۆ کارئاسانی کردن بۆ هاوردەکردنی ئارد و لابردنی گومرگ لەسەری، دابەزاندنی نرخی کارەبا بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان، ناکرێت نرخی کارەبا بۆ ئەو شوێنانە وەک کارگە گەورەکان ئەژمار بکرێت، هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی زەرفی کاغەز بۆ ئەوەی بەنرخێکی هەرزان بگات بەدەستی خاوەن شوێنەکان.

د. ژینۆ خالید، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە و سەرۆکی بەشی زانستی ژینگە لە کۆلێژی زانستە ژینگەییەکانی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە زیانەکانی بەکارهێنانی زەرفی نایلۆن بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، کیسی نایلۆن چەند جۆرێک لە ماددەی پۆلیمەر لە پێکهاتەیدا هەیە و کاریگەریی خراپیان بۆ سەر تەندروستی هەیە و هۆکاری تووشبوونن بە شێرپەنجە.

لەبارەی زیادبوونی بەرهەمەکانی پلاستیک و نایلۆن لەنێو هاووڵاتییاندا ئاماژەی بەوەکرد، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ ەکانەوە بە گشتی بوونەتە بەکارهێنەری بەرهەمە پلاستیکییەکان و زەرفی نایلۆن وەک خوویەکی بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، چونکە خەڵک سەرقاڵە و کاتی کەمە، دەیەوێت ئەو بەرهەمانە بەکاربهێنێت کە بە ئاسانی فڕێ دەدرێن، لە کاتێکدا دەبێتە هۆی زیادبوونی پاشماوە، زیانی بۆ ژینگە و تەندروستی هاووڵاتییان هەیە.

“بارزانی كاندیدی پارتی  بۆ پارێزگاری كەركوك ڕادەگەیەنێت”
پێت “بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پارێزگاری كەركوك ڕادەگەیەنێت”
چەند بڕیارێك دەربارەی نرخی ئارد دەركرا
دوات چەند بڕیارێك دەربارەی نرخی ئارد دەركرا
پەیوەندیدار