بافڵ تاڵەبانی پشتیوانیی بۆ گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی نەینەوا دووپات کردەوە



سەرۆکی یەکێتی پشتیوانیی بۆ ئەو گۆڕانکارییە ئیدارییانە دووپات دەکاتەوە کە لە پارێزگەی نەینەوا ئەنجامدران و ڕاشیگەیاند، پاراستنی مافی لایەنە براوەكان لە پارێزگەكە هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی پارێزگەریكردن لەو فرەڕەنگییەی لە نەینەوا هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا كرد.

نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا هەماهەنگیی نێوان سەرجەم لایەنەكان و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە هاریكاریی زیاتر و كاری هاوبەشی هەموولایەك كرایەوە لەچوارچێوەی بەدیهێنانی داهاتوویەكی سەقامگیرتر و دووركەوتنەوە لەهەموو دەمارگیرییەك كە زیان بە دۆخی پارێزگەكە بگەیەنێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە بافڵ تاڵەبانی “وێڕای دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگەكە بۆ هەڵبژاردنی ڕێگە یاسایی و دروستەكە بۆ گۆڕانكارییە ئیدارییەكان”، ڕاشیگەیاند، پاراستنی مافی لایەنە براوەكان لە پارێزگەكە هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی پارێزگەریكردن لەو فرەڕەنگییەی لە نەینەوا هەیە و ئەمەش زیاتر خزمەتی سەقامگیریی ناوچەكە دەكات.

وتیشی، یەكێتی پشتیوانیی هەر هەوڵێك دەكات كە ئامانجەكەی خزمەتكردنی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بێت.

لەدرێژەی دیدارەكەدا سەرۆكی یەکێتی ئاماژەی بەوەشكرد، پێكهاتەی نوێی ئەنجوومەنەكە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خەڵك دەكات و ڕەنگدانەوەی خواستی دانیشتووانەكەیەتی، ئەو لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییەی نێوان لایەنەكانیش كە بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگەكە دروستبووە مایەی خۆشحاڵییە و پشتیوانیی لێدەكەین.

رۆژی 2ی تەمووز، ئەنجوومەنى پارێزگەى نەینەوا گۆڕانکاری لە بەرپرسانى 17 یەکەى کارگێڕى کرد، بەشێکیان لادران و کەسانى دیکە خرانە جێگەیان، هەندێکى دیکەیان پۆستەکانیان چۆڵ بوو، پڕکرانەوە.

لەو گۆڕانکارییانەشدا یەکێتی چەند پۆستێکی وەرگرت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دژی وەستایەوە.

شایستەی دارایی کارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان ئاشکرا کرا
پێت شایستەی دارایی کارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان ئاشکرا کرا
“لە ئەمساڵدا ١٧ کرێکار لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە”
دوات “لە ئەمساڵدا ١٧ کرێکار لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە”
پەیوەندیدار