ئەنجومەنی وەزیران بۆ پرسی مووچە کۆدەبێتەوە



لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران پرسی مووچەی هێزەئەمنییەکان تاووتوێ دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى هەفتانەى خۆى ئەنجامدەدات و دوو تەوەرى سەرەکى گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت، کە بریتین لە مووچەى هێزە ئەمنییەکان و دەروازە سنوورییەکان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنى وەزیران گفتوگۆکانى شاندى هەرێمى کوردستان لەبارەى دەروازە سنوورییەکانى لەگەڵ عێراق و داواکارىییەکانى بەغداد لەبارەى داهات و یەکخستنى “رەسمى گومرگى” تاوتوێدەكرێت، هەروەها بڕیارە وەزیرى دارایى و ئابوورى و وەزیرى ناوخۆ ڕوونکردنەوە لەسەر دۆسییەکان بدەن.

هاوکات هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە تەوەرى دووەم پرسى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و هاتنى شاندى پشکنەرى دیوانى چاودێریى دارایى عێراقە کە بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە کۆببنەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئاوات جەناب، وەزیرى دارایى لە چوارچێوەى راپۆرتێکدا دوایین زانیارییەکان دەخاتەڕوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ بەغدا پارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە کرد، بەڵام مووچەی وەزارەتى کارەبا و سەرۆکایەتیى پەرلەمانی تێدا نەبوو، هاوکات لە ماوەى سێ مانگدا هێزە ئەمنییەکان تەنیا یەک مووچەیان وەرگرتووە، تا ئێستاش دیار نییە کەی مووچەی مانگی ئایار و حوزەیران وەردەگرن.

١٧ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا
پێت ١٧ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا
تورکیا هێزی زیاتر ڕەوانەی ئامێدی دەکات
دوات تورکیا هێزی زیاتر ڕەوانەی ئامێدی دەکات
پەیوەندیدار